بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەزاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، ئەمریکا لیستی ئەو مەرجانەی خستووەتە بەردەم حکوومەتی نوێی سووریا، لە بەرانبەر کەم کردنەوەی بەشێک لە سزاکان. ئەمریکا دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی کە کەسانی بیانی هیچ پۆستێکی باڵایان لە حکوومەتی وڵاتەکەدا پێنادرێت.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، ناتاشا فرانچێسکی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە کۆبوونەوەیێکی تایبەتدا لە ۱۸ـی ئادار لە برۆکسل لیستی داواکارییەکانی وڵاتەکەی گەیاندووەتە ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا.
سەرچاوەکان بە ئاژانسەکەیان گوتووە، لە نێو ئەو مەرجانەی کە ئەمریکا دایناوە، لەناوبردنی هەر کۆگایێک کە چەکی کیمیایی ڕژێمی پێشووی تێدا مابێتەوە، هەروەها دەبێت حکوومەتی نوێی سووریا هاوکار بێت لەگەڵ هاوپەیمانان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەمریکا داوای لە سووریا کردووە، کەسێکی پسپۆر ڕاسپێرێت و هەماهەنگ بێت لەگەڵ ئەمەریکییەکان بۆ دۆزینەوەی ئۆستین تایسی ڕۆژنامەنووس، کە زیاتر لە ۱۰ ساڵە لە سووریا بێسەروشوێنە.
ئاژانسەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەگەر سووریا بە هەموو مەرجەکانی ئەمریکا ڕازی بێت، ئەوا ئەو کات ئەمریکا ئامادەیە بەشێک لە سزاکانی سەر وڵاتەکە هەڵگرێت.
Your Comment