بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''بە ڕاگەیاندنی بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی پەکەکە، چووینەتە قۆناخێکی هەستیار؛ قۆناخێک پێویستی بە پشوودرێژییە".
باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا پاڵپشتی لە پرۆسەی چارەسەری بکەن و خۆیان لە بەکارهێنانی ''زمانێکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە'' بەدووربگرن کە بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی پێی وایە، وڵاتەکەی هەمیشە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خۆی کردووە؛ جەختی لەوەش کردەوە: ''تورکیا هەرگیز هەوڵی بۆ دانوستاندن و ئاگربەست لەگەڵ تیرۆریزم نەداوە و ناشیدات".
باخچەلی باسی لەوەش کرد: ''بەرقەرارکردنی ئاشتی و بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ، قەرزی وەفای ئێمەیە بۆ مێژوو، باووپابیران و نەوەکانی ئاییندەمان. کۆماری تورکیا ئەم قەرزە دەداتەوە و بەڵای تیرۆری جوداخواز لە رۆژەڤی خۆی دەسڕێتەوە".
باخچەلی جەختی لەوە کردەوە، باشترین بژاردە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئەوەیە، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بە بەشداری و پاڵپشتیی هەموو پارتە سیاسییەکان پێکبهێندرێت.
سەرۆکی مەهەپە پێشنیازی بۆ نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد، دەستپێشخەری بکات بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە ناوی ''ستراتیژیی سەت ساڵەی تورکیای بێ تیرۆر؛ لیژنەی یەکدەنگی و یەکێتیی نەتەوەیی".
Your Comment