بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی ئەمڕۆ دووشەممە ۱۹ی ئایاری ۲۰۲۵ رایگەیاند، بانگەوازی باخچەلی بۆ دامەزراندنی لیژنەیێک لە پەرلەمان بە ئەرێنی دەبینن و پشتیوانیی لێدەکەن.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە شەوی یەکشەممە ۱۸ی ئایاری ۲۰۲۵ پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و داوای کرد، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت.
بوڵدان گوتی: "باخچەلی ئەوەی پێویست بوو گوزارشتی لێکرد. ئێمەش هەمیشە ئەوەمان دەربڕیوە کە شوێنی سەرەکی چارەسەر پەرلەمانە. زۆر گرنگە کە ئەمە بە دامەزراندنی لیژنەیەک ببێتە شتێکی بەرجەستە."
پەروین بوڵدان وتیشی: لایەنە سیاسییەکان تاوەکوو رادەیەکی زۆر هاوڕان لەسەر پێکهێنانی لیژنە و بانگەوازی لە ئاکپارتی کرد "بەبێ دواکەوتن بیروڕای خۆی دەرببڕێ."
بوڵدان ڕایگەیاند: دەبێت گفتوگۆکان دەربارەی دامەزراندنی لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە هەرچی زووە دەست پێبکەن و گوتی: "هەروەک بەڕێز باخچەلی دەفەرموێت، دەبێت هەرچی زووە لیژنە پێکبهێندرێ. بە دڵنیاییەوە دەبێت پێشتر گفتوگۆی لەسەر بکرێت و قسەی لەسەر بکرێت. بەڕێز باخچەلی ئاماژەی بە لیژنەیەک کردووە کە لە ۱۰۰ کەس و لیژنەی لاوەکی پێکهاتبێت. بێگومان دەکرێت ژمارە و میتۆدەکان گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بەڵام ئێمە بە تەواوی هاوڕاین لەگەڵ بیرۆکەی ئەوەی کە هەر پارتێکی سیاسی ئەندامێکی لانیکەم هەبێ. لیژنەکە لەلایەن لیژنە لاوەکییەکانەوە پشتیوانی بکرێت و سەرۆکی لیژنەکەش سەرۆکی پەرلەمان بێت."
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی گوتیشی: "پارتی گەلی کۆماریش دەڵێت دەبێت لیژنەیەک لە پەرلەمان دابمەزرێت، هەروەها هەڵوێستی عەلی باباجان و داودئۆغڵو هەمیشە ئەرێنی بووە سەبارەت بە پرۆسەکە. پێم وایە ئەوانیش بێدەنگ نابن و هیچ دژایەتییەکیان نابێت. بۆیە دەبێت ئاکپارتیش بەبێ دواکەوتن بیروڕای خۆی دەربڕێ."
بوڵدان ئاماژەی بە پێویستیی دامەزراندنی لیژنەکە کرد پێش کۆتایی ئەم خولەی یاسادانان و گوتی، "پەرلەمان تاوەکو ۱۵ـی تەمموز کاردەکات. دامەزراندنی ئەم لیژنەیە و دەستپێکردنی کارەکانی بە شێوەیەکی گشتی تاوەکو ئەو رێککەوتە بەشدارییەکی ئەرێنی لە پرۆسەکەدا دەکات."
بوڵدان ڕاشیگەیاند: تورکیا پێویستی بە دیموکراسیبوون هەیە و گوتی: "هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە واتای هەنگاونانە بۆ دیموکراسیبوون. پێویستمان بە رێکخستنێک هەیە کە بەبێ جیاوازی، هیچ جۆرە جیاوازییەک لەبارەی دیموکراسیبوونەوە نەکات، ئەو خاڵانەش چارەسەر بکات کە لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا گەیشتوونەتە بنبەست".
Your Comment