کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان باڵی کوردسات تەواو نەکرا

بڕیار بوو ڕۆژی ۲۶ی نیسانی ۲۰۲۵ کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان باڵی کوردسات لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامان کۆنفرانسەکە تەوا نەکرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ڕاگرتنی کۆنفرانسەکە رۆڤان سەروەت، گوتەبێژی کۆنفرانسی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وتی: "بەگوێرەی ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن، کۆنفراسەکە ڕاگیرا بەهۆی تەواو نەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامان."

لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووەوە رۆڤان سەروەرت وتی: "لیژنەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە لێرەن، راپۆرتی خۆیان دەدەنە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەمڕۆ یان کەمتر لە هەفتەیێکی داهاتوو کۆمیسیۆن بڕیار لەسەر تەواوکردنی کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ دەدات."

وتەبێژی کۆنفرانسەکەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کرد، پابەندی هەر بڕیارێک دەبن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بیدات.

کۆنفرانسەکە لە کاتێکدا بڕیاری بەڕێوەچوونی هەبوو، حیزبەکە دوو ئاراستەیە؛ ئاراستەی گەڕەکی کوردسات و ئاراستەی گردی زەرگەتە.

بەرپرسێک لە گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت ئەوان نەچوونەتە هۆڵی کۆنفرانس و هۆکاری ئەوە بوون کە ژمارەی یاسایی ئامادە نەبێت و کۆنفرانس نەکرێت.

ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) دەڵێت: "کۆنفرانسەکە ڕەت نەکراوەتەوە و هەڵگیراوە، بەگوێرەی یاسا لە رۆژانی داهاتوودا کۆمیسیۆن رۆژێکی نوێ دیاری دەکات، ئەو رۆژە زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو هەژمار دەکرێت، بۆ نموونە ۴۰۰ ئەندام ئامادەبێت دەتوانن بڕیارەکانی کۆنفرانس بە زۆرینەی دەنگیان پەسەند بکەن."

کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ بەگوێرەی نووسراوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاربوو بەڕێوەبچێت.

کۆمیسیۆن گۆڕانی ناچار کردووە، تەنیا ئەو ئەندامانە بەشداری کۆنفرانس بکەن ناویان لە ساڵی ۲۰۱۷ تۆمار کراوە زیاترن لە ۲۱۰۰ ئەندام؛ ئەوانەش ئێستا هەر بەشەو لە ئاراستەیەکن، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.

۵ی ئەم مانگە، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە."

ئاراستەی کوردساتى بزووتنەوەکە رایگەیاندووە، بە نووسراوی ژمارەی ۸۷۵ کە لە ۲۷-۰۳-۲۰۲۵ دەرچووە، ئاگادارکرابوونەوە کە ۱۰ـی نیسان کۆنفرانس ببەستن و دواتر دواخراوە بۆ ئەمڕۆ ۲۶ـی نیسان.

News ID 225308

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha