بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسراوەکەی کۆمیسیۆن ڕۆژی ۱۶-۰۴-۲۰۲۵ بە ژمارە ۱۰۵۵ و واژۆی هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەی فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی دەرچووە و ئاراستەی نووسینگەی سلێمانی کۆمیسیۆن کراوە. لە سلێمانیش کۆمیسیۆن ئەمڕۆ ۱۷ـی نیسان بە فەرمی ئاراستە بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان کۆمیسیۆن نووسراوەکەی بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ناردووە، بەڵام نوێنەری گۆڕان لە کۆمیسیۆن، ئێستا لەو بەشەی گۆڕانە کە بارەگای سەرەکییان لە گەڕەکی کوردساتە.
هەردوو باڵەکەی گۆڕان پێشتر کاتی کۆنفرانسیان دیاری کرد؛ باڵی گردەکە بەبێ کۆمیسیۆن کۆنفرانسێکی بەست و باڵەکەی دیکە دوایانخست بۆ ئەو ڕۆژەی کۆمیسیۆن دیاری دەکات.
کۆمیسیۆن بزووتنەوەی گۆڕانی ناچار کردووە، کە دوو هەزار و ۱۰۰ کەس مافی بەشداربوونی کۆنفرانسیان دەبێت کە لە ساڵی ۲۰۱۷ ناویان لە کۆمیسیۆن بە فەرمی وەکوو ئەندامی حیزبەکە تۆمارکراوە، جگە لەوانە، کەسی دیکە مافی بەشداری کردنی نابێت.
بەرپرسێک لە ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئێستا لە گەڕەکی کوردساتن، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوتووە: "نووسراوەکە تایبەتە بە گۆڕان، ئێمە دەچینە کۆنفرانس بەگوێرەی ئەوەی کۆمیسیۆن دیاری کردووە؛ ئێمە و ئەوانیش پەیڕەو و کاری خۆمان دەخەینەڕوو، کێ زۆرینە بوو پیرۆزی بێت"،
ئەو ناوانەی کۆمیسیۆن دیاریی کردوون بۆ بەشداربوون لە کۆنفرانس، ئێستا بەشێکیان لای گەڕەکی کوردساتن، بەشێکی دیکە لە گردی زەرگەتەن. هەروەها بەشێکیان دەستبەرداری کاری سیاسیی بوون و بەشێکی دیکەشیان چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکەوە.
Your Comment