قوربانی لە پێناو پرۆسەی ئاشتیدا لە تورگوت ئۆزالەوە بۆ ئەردۆغان/ ئەمیر مام والی

ئایا مێژوو دووبارە دەبێتەوە؟ لە دوای پەیمانی سایکس بیکۆ و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تاوەکو ئێستا پرسی کورد لە تورکیا وەک یەکێک لە پرسە هەرە گرنگ و چارەسەرنەکراوەکان ماوەتەوە، بە جۆرێک دەکرێت بڵێین کە گرنگترین پرسە لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی تورکیادا، چوونکە چەندین شۆرش و جووڵانەوەی جیاواز لە باکووری کوردستاندا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دژ بە دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا ڕوویداوە.

بۆچی پرسی کورد یەکلا ناکرێتەوە؟

گەلی کورد وەک هەرگەلێکی دیکە کۆمەڵێک خواست و مافی هەیە، کە لەسەرەتای دروستبونی دەوڵەتی تورکیاوە لەسەر دەستی (ئەتاتورک)، تاوەکوو ئێستاش بەدەستی نەهێناوە. ناڵێم (کێشەی کورد)، چوونکە پێم وانیە کورد کێشە بێت بۆ سەقامگیری تورکیا، بەڵکوو بەڕای من ئەوە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تورکیان کە پرسی کوردیان کردوە بە کێشە بۆ خۆیان. لە ساڵی (١٩٩٣)، بۆ یەکەمجار بە سەرپەرەشتی سەرۆک کۆماری ئەوکات تورگوت ئۆزال هەوڵدرا بە فەرمی ئەم پرسە چارەسەربکرێت، بەڵام لە ناوەوەی تورکیا و لە ( دەرەوەش)، ڕێگری و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەکە سەخت بوون و نەتوانرا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنرێت.

تیرۆر لە پێناو پرۆسەی چارەسەریدا

لەناوخۆی تورکیادا بە تایبەت چەپەکان یەکێک بوون لەو لایەنانەی کە هەمیشە دژی پرۆسەی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی تورک و کورد بوون، دیمەنی دەرکردنی چەپێکی کورد لە لایەن چەپێکی تورکەوە لە خۆپیشاندانێک کە بۆ پشتگیری سەرۆکی شارەوانی لەکار لادراوی ئەستەنبوڵ ڕێکخرابوو شتێکی نامۆ نەبوو، چوونکە ئەوان تاوەکوو ئێستاش کورد وەک گەلێکی جیاواز نابینن و هەر تورکە شاخاوییەکانین لە لایان!

لە ڕابردووشدا هەر کەس و لایەنێک دەنگی بۆ حەل کردنی ئەم پرسە بەرزکردبێتەوە ئەوان پێش هەموو لایەک دژی بوون.

تورگوت ئۆزال ( ١٩٨٩-١٩٩٣)، سەرۆک کۆماری تورکیا بوو، ئەو یەکێک بوو لەو سیاسیە حەکیم و لێوەشاوانەی کە دەیویست بە گفتوگۆ ناکۆکیەکانی نێوان کورد و تورک چارەسەر بکات، لەو پێناوەشدا ڕووبەرووی هەوڵی تیرۆرکردن بوویەوە و دەیان تۆمەتی لە دژ بڵاو دەکرایەوە،  بەڵام دەستی لەو پرۆسەیە هەڵنەگرت و  دواجار لە ڕووداوێکی گوماناویدا لە ساڵی (١٩٩٣ )،گیانی لە دەستدا، بەرپرسانی ئەوکاتی تورکیا وتیان بە جەڵتەی دڵ بووە، بەڵام دوای ساڵانێک لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە دواجار لە ساڵی (٢٠١٢)، دا دەرکەوت کە ژەهر خوارد کراوە و تیرۆر کراوە.

نەجمەدین ئەربەکان  لەو ماوە کەمەی کە سەرۆک وەزیران بوو، هەوڵی دا پرسی کورد بە ئاشتی چارەسەرکرێت، هەندێکجاریش لۆمەی سەرانی دەوڵەتی تورکی دەکرد و دەیگوت زوڵم لە برا کوردەکانمان مەکەن، ئەوە بوو لە ساڵی (١٩٩٧) کودەتایان بەرانبەر کرد و لە دەسەڵات دووریان خستەوە.

لە ئۆزالەوە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

ساڵی (٢٠١٣-٢٠١٥)، پارتی داد و گەشە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان باسی چارەسەری پرسی کوردیان بە گفتوگۆ هێنایە ئاراوە، بەڵام بەهۆی فشاری (دەسەڵاتی قوڵ)، لە تورکیادا نەتوانرا پرسەکە چارەسەر بکرێت،  بەهۆی ئەو پرسەشەوە لە کودەتایەکدا خەریک بوو دەسەڵات لە ئەردۆغان وەرگرنەوە و ڕووبەڕووی چارەنوسی ئەربەکانی مامۆستای بکەنەوە، بەڵام کودەتاکە شکستی پێهێنرا و ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا مایەوە.

ئەمساڵ (٢٠٢٥)، جارێکی دیکە پرسی چارەسەری مافەکانی کورد لە لایەن دەسەڵاتی تورکیاوە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان خرایەوە بەر باس، کوردەکانیش بە شێوەیەکی زۆر باش ئامادەی پرۆسەکەن و گەڕێکی گفتووگۆی ئەرێنێ بەڕێوەچوە و ئومێد وایە کە کورد مافەکانی لەم خولەی گفتوگۆکاندا بە دەست بهێنێت.

ئەوەی جێی پرسیار و تێڕامانە ئەوەیە: ئایا ئەردۆغان دەتوانێت  پرۆسەکە تا کۆتایی درێژە پێبدات؟ ئایا هەوڵی تیرۆر و کودەتا دەتوانن ڕێگربن لە حەلی  پرسی کورد لە تورکیا؟

ئایا مێژوو دووبارە دەبێتەوە، یانیش نەخێر ئەردۆغان دەتوانێت زاڵبێت بەسەر بەربەستەکاندا؟

News Code 225192

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha