کۆمکاری عەرەبی سەرکۆنەی کردەوە توندوتیژییەکان لە سووریا دەکات

کۆمکاری عه‌ره‌بی نیگه‌رانی خۆی به‌رانبه‌ر بارودۆخه‌ ئه‌منییه‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی سووریا ده‌رده‌بڕێت و سه‌رکۆنه‌ی توندوتیژییه‌کان ده‌کات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌مینداریه‌تی گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌بی ڕاگه‌یه‌نراوێکی له‌باره‌ی دۆخی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی ڕۆژئاوای سووریا بڵاو کرده‌وه‌ و تێیدا نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیوه‌.

ئه‌مینداریه‌تی گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌بی سه‌رکۆنه‌ی کرده‌وه‌ توندوتیژه‌کان و هاوکات به‌ ئامانجگرتنی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌کی کردووه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌، ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌کی دۆخەکە ئاڵۆزتر ده‌کات و ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌سه‌ر ئاشتیی ئه‌و وڵاته‌.

ئه‌مینداریه‌تی گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌بی جه‌ختی کردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م بارودۆخه‌ پێویستی به‌ دانبه‌خۆداگرتن و ئه‌و ڕێکارانه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌بنه‌ پاراستنی سه‌قامگیریی و ئاشتیی ناوخۆیی.

لە ڕۆژی پێنجشەممە، ۶ـی ئاداری ۲۰۲۵ـوه‌، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە نێوخۆییەکان لە سووریا دەستیان پێکرد، ئەوەش ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتەکەی خستە ژێر پرسیار، سەرباری ئەوەی دۆخی ئەمنی بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی سووریا، بەتایبەت لازقیە و تەرتوس تەواو شێوا، هەندێک لەو شار و شارۆچکانە گرووپی چەکداری جیاوازی هاتنە ناو کە لە ماوەی ۱۳ ساڵی ڕابردوودا نەبینراون.

ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرای کردووە، ۳۴۰ هاووڵاتی عەلەوی لە لازقیە و تەرتوس بە دەستی هێزەکانی ئەمنی و گرووپە توندڕەوەکان کوژراون. ڕوانگەکە دەڵێت: ۶۰ هاووڵاتی سڤیل لەنێو کوژراوەکاندا هەن کە ۱۰ لە کوژراوان ئافرەتن و ۵ـیش منداڵن، ئەو کۆمەڵکوژییەش لەسەر بنەمای تایفی و ناوچەیی کراوە، سەرباری دزی ماڵان و سامانەکانیان.

ڕوانگەکە ئاماژه‌ی کردووە، لەوەتەی ئاڵۆزییەکان دەستی پێکردووە، ۵۲۴ کەس کوژراون، ۲۱۳ کوژراو لە چەکدارانی هەردوولا، ۹۳ کەسی دیکەش لە هێزە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ، سەرباری ئەوەش هێزی زیاتر بۆ ناوچەکان دەنێردرێت.

News ID 225012

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha