بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە گوتارێکدا کە ئەمڕۆ (سێشەممە، ۲۵-۲-۲۰۲۵) لە کۆنگرەکە لە دیمەشق پێشکێشی کرد، رایگەیاند پێویستە هەست بە ئازار و نەهامەتییەکانی سووریاییەکان بکرێت و هۆکارەکانی هەستانەوەی سووریا رەچاوبکرێن.
ئەحمەد شەرع وتی: "مێژووی سووریا بەدرێژایی سەدەیێک، بە کۆمەڵێک ئاڵنگاریدا تێپەڕی. لەو ماوەیەدا سووریاییەکان چەندین ئازار و نەهامەتییان بینی، دوای ئەوە شۆڕشی سووریای پیرۆز هات و سەرکەوتنی گەورە بەدەست هات و سووریا ڕزگارکرا. هەرچەندە برین و ئازاری زۆری پێوەیە و لە ژووری چاودێریی چڕدایە. کە داوا لە هەمووتان دەکات بە یەکگرتوویی ئازار و برینەکانی چارەسەر بکەن."
سەرۆکی کاتیی سووریا پەیامێکی ئاراستەی ئامادەبووانی کۆنگرەکە کرد و گوتی، "ژێردەستەیی قبووڵ ناکەین، سووریای ئەمڕۆ داوای رێککەوتنتان لێدەکات نەوەک دووبەرەکی، داواتان لێدەکات گفتوگۆ بکەن بۆ دیاری کردنی چارەنووس و داهاتوو، سووریای ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ خاوەنەکەی، دوای ئەوەی لەلایەن نەوەکانییەوە پشتگوێ خرابوو."
ئەحمەد شەرع وتیشی "سووریا قوتابخانەیەکە بۆ ژیانی هاوبەش و جیهان هەموو لێیەوە فێربوون، ئێمە لە قۆناخی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەوڵەتداین، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت ئەرکە و پێویستە بکرێت، سووریا دابەشبوون قبووڵ ناکات و هێزی لە یەکگرتندایە."
سەرۆکی کاتیی سووریا دەڵێت: "سووریا بەدەست وێرانبوونی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستی بە پلانی فریاگوزاری، دواتر ناوەندی و دواتر ستراتیژی هەیە. لەسەریشمان پێویستە وڵات لەسەر بنەمای یاسا بنیات بنێین و ڕێزی لێبگیرێت."
شایانی باسە نزیکەی ۶۰۰ کەس لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سووریا لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەوە بەشدارن بەڵام هیچکام لە لایەنە کوردییەکانی کوردستانی سووریا بەشدارییان نەکردووە.
Your Comment