بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ كاروباری دەرەوە كۆبووەوە .
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە پێویستی هەماهەنگی و كاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرایەوە لەپێناو كاراتركردنی هەوڵەكان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكەدا.
دۆخی سووریا و كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ كرا و بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی یەكێتیی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد لە سووریا تەئكید كردەوە.
ناوبراو وتیشی: "پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان بە تایبەت كورد و بەشداربوونیان لە بڕیار و بنیادناوەی سووریای نوێ زامنی سەقامگیری دەبێت و هەر هەوڵێكیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، بۆیە ئەركی هەموولایەكە پشتگیری پاراستنی ناوچەكە و سەرخستنی هەوڵەكان بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری نیشتمانیی لەوبارەیەوە”.
Your Comment