سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، کە پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەنگی لەسەر درا، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی مەسعوود بارزانیدا هاتووە، دوای ماوەیەکی زۆر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، سەرئەنجام ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە هەنگاوێکی گرنگدا دەنگی بە "پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە" دا کە تایبەتە بە گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان.
بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ئەو بڕیارە لە شوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف. هاوکات سەرۆک بارزانی بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەکات کە ڕۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە و سوپاسیان دەکات.
مەسعوود بارزانی، هیوادارە ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستییانە کە لە دژی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی عێراق بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە.
Your Comment