بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی ئەکبەر ئەشرەفی، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی تەمەرچین لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا کە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە حاجی ئۆمەرانە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئاماری هەناردە و هاوردەی کاڵا و پێداویستیی لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە بڵاو کردەوە.
عەلی ئەکبەر ئەشرەفی ڕایگەیاند، لە ۹ مانگدا زیاتر لە یەک ملیۆن و ۴۰۰ هەزار تۆن کاڵا و پێداویستی کە بایی زیاتر لە ۵۷۰ ملیۆن دۆلار بووە لە رێگەی دەروازە سنووریی تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانەوە هەناردە کراوە.
بەگوتەی عەلی ئەکبەر ئەشرەفی، کەرەستەی بیناسازی، سیرامیک و کاشی، ئاسن، پۆڵا، میوە و سەوزە لەو کاڵا و شتوومەکە سەرەکییانە بوون، کە لەو دەروازەیەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراون.
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری تەمەرچین گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ۱۵ هەزار و ۵۰۰ تۆن کاڵا و پێداویستی کە بایی ۵۰ ملیۆن دۆلار بووە لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هاوردە کراوە.
ئەو داتایانە جگە لەو سێ هەزار و ۵۰۰ تۆن کاڵا و پێداویستییەن، کە بەگوتەی عەلی ئەکبەر بە بەهای ۱۲ ملیۆن دۆلار بووە و لە رێگەی کۆڵبەرییەوە هاوردەکراون.
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری تەمەرچین ئاماری هاتۆچووی هاونیشتمانی و هاووڵاتیانیشی لە دەروازە سنوورییەکەوە بڵاو کردەوە و رایگەیاند، لە ۹ مانگی رابردوودا بە شێوەی تێکڕا، رۆژانە سێ هەزار و ۴۰۰ هاووڵاتی لەو دەروازە سنوورییەوە هاتۆچوویان کردووە کە بەراورد بە پار ۳۰٪ زیادیکردووە.
عەلی ئەکبەر ئەشرەفی ڕوونیکردەوە، ئەم ساڵ داهاتی گومرگی تەمەرچین بەراورد بە پار ۴۶٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ۴۹۰ ملیار تمەن.
لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا پێنج دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجانە و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستانە.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
Your Comment