بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی عەباس شەفیعی، قایمقامی شاری میهران بە میدیاکانی ڕاگەیاند، دەروازەی سنووریی میهران پێگەیەکی گرنگی داوەتە شارەکە، لە ڕێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە ساڵانە بایی زیاتر لە ۲ ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق دەکرێت.
بە گوتەی شەفیعی، ڕۆژانە لەنێوان ۴۰۰ تاوەکوو ۶۰۰ بارهەڵگر کاڵا بۆ دەروازەی سنووریی میهران دەگوازنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت دەروازەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە جەمسەرێکی ئابووری و بەو هۆیەوە هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێت.
قایمقامی شاری میهران ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا دوو بەنداوی گەورە لە سنووری شارەکە دروست دەکرێن، کە بەو هۆیەوە ۱۳ هەزار هێکتار لە زەویی سنووری شارەکە دەبێتە بەراو و هەلی کار ۳۰۰۰ کەسیش دەڕەخسێت.
عەلی عەباس شەفیعی ئاشکراشی کرد ڕۆژانە ۲۰ هەزار کەس لە رێگەی دەروازە سنووریی میهرانەوە لەنێوان ئێران و عێراقدا هاتووچۆ دەکەن؛ هەروەها ساڵانە زیاتر لە ۸ ملیۆن کەس لە هەمان سنوورەوە سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان لە عێراق دەکەن.
دەروازەی سنووریی میهران کەوتووەتە ۸۵ کیلۆمەتری باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام، کە بەهۆی نزیکیی زیاتری لە شوێنە پیرۆزەکان لە عێراق، زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن و یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراقیشە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
Your Comment