هەرێمی کوردستان له ‌سنوورى سۆران ده‌روازه‌یه‌کى دیکه‌ له‌گه‌ڵ ئێران دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت، له ‌هه‌وڵدان بۆ کردنەوەی دەروازه‌ى کێلەشین له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان ‌و کۆمارى ئیسلامى ئێراندا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وه‌فدێکى کۆماری ئێسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەد سادق موعتەمیدیان پارێزگاری ورمێ سەردانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانی کردووه‌ و لەلایەن ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە پێشوازی لێکراوه‌.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ هەڵگورد شێخ نەجیب وتوویه‌تى: "لە دوایین سەردانمان بۆ کۆماری ئێسلامی ئێران، بەیاوەری پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی ئێران لەسەر 20 خاڵ رێککەوتین ‌و بەگوێرەی خاڵێکی لێکتێگەیشتنەکە، دەبێت کۆبوونەوەی مەیدانی لە دەروازە سنوورییەکان بکرێت بەمەبەستی چاودێری‌کردنی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە".

ناوبراو دەشڵێت: "سەردانەکەی شاندی کۆماری ئێسلامی ئێران بۆ سەردانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران، بە مەبەستی تاووتوێ کردنی جێبەجێ کردنی ئەو 20 خاڵە بە شێوەی مەیدانی بوەو هاوکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشه‌ و گرفتانەی دێنە بەردەم جێبەجێ کردنی خاڵەکان".

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، پارێزگاری ورمێ ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌: "هەرچەندە ڕێککەوتنە 20 خاڵییەکە واژوی لەسەرنەکراوە، بەڵام زۆرینەی خاڵەکانی چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیاردراوە هەرسێ مانگ جارێک کۆبوونەوەی لەمشێوەیە بکرێت، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێ کردنی خاڵەکان نەهێڵدرێن.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژە بەوە دەدات، لەسەردانی ڕابردوویاندا بۆ کۆماری ئێسلامی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاووتوێی کردنەوەی دەروازەی کێڵەشینیان لەسنوری سیدەکان کردوەو هەمان بابەت تەوەری دوەمی کۆبونەوەی ئەمڕۆیان بوە لەگەڵ وه‌فده‌که‌ى کۆماری ئێسلامی ئێران.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روونیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو کێشەو بەربەستانە کرا کە ڕێگرن لەبەردەم کردنەوەی دەروازەی سنوری کێڵەشین لەگەڵ کۆماری ئێسلامی ئێران.

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە لەڕووی ڕێگه‌وبانەوە دەستمان بەپڕۆژەکە کردوە و گەیشتۆتە قۆناغێکی زۆرباش، بەڵام کێشەی ئەمنی لەم سنوورە هەیە، دەمانەوێت لەگەڵ میوانانمان لە کۆماری ئێسلامی تاووتوێی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین چۆن کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بکەین، کردنەوەی ئەم دەروازەیە ئامانجێکی سەرەکییە بۆ ئێران‌ و هەرێمی کوردستان".

News Code 221889

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha