بوونی هێزی ژنان لە سوپای نوێی سووریادا، سوپاکە لە سەردەمی بەعس جیا دەکاتەوە

«ڕوکسان محەمەد» وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) ڕایگەیاند کە ئەم هێزە پێشنیازی خۆی بۆ ئایندەی پێکهاتەی سەربازیی خۆی پێشکەشی وەزارەتی بەرگریی سووریا کردووە و چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی دیمەشقە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئامادەییی YPJ تەنیا بابەتێکی سەربازی نییە، بەڵکوو بە مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنانی سووریا و بەشدارییان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا بەستراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «ڕوکسان محەمەد» وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) بە ئاماژەدان بە پرۆسەی گفتوگۆکان دەربارەی ئایندەی هێزە سەربازییەکان لە سووریادا ڕایگەیاند کە ئەم یەکینەیە پێشنیازی خۆی پێشکەشی وەزارەتی بەرگریی سووریا کردووە و لە چاوەڕوانی وەرگرتنی وەڵامی فەرمیدایە دەربارەی ئایندەی ئەم هێزانە. هەروەها ناوبراو هەر ڕاپۆرتێکی دەربارەی پەیوەستبوونی YPJ بە وەزارەتی ناوخۆی سووریاوە ڕەت کردەوە و وتی زانیاریی لەم جۆرە دوورە لە ڕاستییەوە.

بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی PYD، «ڕوکسان محەمەد» وتەبێژی YPJ جەختی کردەوە کە YPJ خاوەنی «تایبەتمەندیی تەشکیلاتیی تایبەت بە خۆی»یە و دەبێت ئەم تایبەتمەندییانە لە هەر بەرنامەیەکدا بۆ ئاوێتەکردنی هێزەکان ڕەچاو بپڕێژرێن.

وتیشی: «بوونی ئێمە تەنیا پرسێکی سەربازی نییە، بەڵکو زامنی ماف و ئازادییەکانی ژنانی سووریا و پێگەیانە لە ناوەندەکانی بڕیارداندا.»

وتەبێژی YPJ بە ڕەتکردنەوەی ئیدیعاکان دەربارەی گواستنەوەی ئەم هێزانە بۆ وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند: «ئێمە پەیوەستبوون بە وەزارەتی ناوخۆمان ڕەت کردووەتەوە و تەواوی دەنگۆ بڵاوکراوەکان لەم بارەیەوە بێبنەمان.»

زیادیشی کرد کە ئامادەییی هێزێکی سەربازیی ژنان لە پێکهاتەی سوپای نوێی سووریادا دەتوانێت ئەم سوپایە لە سوپای سەردەمی دەسەڵاتی بەعس جیا بکاتەوە و ڕۆڵێکی جیاواز لە ئایندەی سووریادا بگێڕێت.

ڕوکسان محەمەد هەروەها جەختی کردەوە کە نابێت ژنان وەک هۆکارێک بۆ دروستکردنی کەلێن لە نێوان گرووپ و پێکهاتەکانی سووریادا ببێنرێن، بەڵکو دەتوانن ڕۆڵێکی یەکخەرەوە لە نێوان تەواوی کۆمەڵگە و نەتەوەکانی سووریادا بگێڕن.

ئەو بە ئاماژەدان بە چالاکییەکانی ڕابردووی YPJ وتی: «ئێمە تەنیا دەستکەوتی سەربازیمان بەدەست نەهێناوە، بەڵکو بووینەتە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتووری لە کۆمەڵگەی سووریادا.»

قسەکانی وتەبێژی YPJ لە کاتێکدا دێن کە پرۆسەی گفتوگۆکان دەربارەی چۆنیەتیی ئاوێتەکردنی هێزە سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پێکهاتەی سەربازیی نوێی ئەم وڵاتەدا هێشتا بەردەوامە و ئایندەی پێگەی ئەم هێزانە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی دانوستانی نێوان لایەنە سورییەکان.

News ID 227730

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha