ڕێککەوتنی باش لە بواری پەیوەندیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری لەنێوان ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان کراوە

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە یاوەریی شاندێک سەردانی دەروازەی حاجی ئۆمەرانی کرد و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبووەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەممەدسادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە یاوەریی شاندێک گەیشتە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە پێشوازیان لێکرا و کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، هەریەکە لە محەممەدسادق موعتەمدیان و هەڵگورد شێخ نەجیب لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیی هاوبەشدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: ''پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین هەوراز و نشێوییان تێپەڕاندووە، بەڵام لە دانیشتنەکەدا باسمان لەوە کرد کە هەردوولامان پێویستیمان بە یەکدی هەیە".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو پارێزگاری سنە و کرماشانیش سەردانی پارێزگای سلێمانی بکەن.

هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: ''بەیانی بە ئامادەبوونی ئەو پارێزگارانە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی ڕابردوو و زیاتر پەرەپێدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لە هەولێر دەکرێت".

محەممەدسادق موعتەمدیانیش گوتی، لە کۆبوونەوەکانی پێشووی نێوانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی باشیان لە بواری پەیوەندیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەنجام داوە و رایگەیاند: ''سوپاس بۆ خودا لێکدانەوە سەرەتاییەکان دەرخەری پێشکەوتنی گرێبەست و رێککەوتنەکانن".

پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا گوتیشی کە ''هیوادارین لە کۆبوونەوەی بەیانییدا لە هەولێر زەوینەی پەرەپێدانی هەمەلایەنە بە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە و بەرژەوەندیی هەردوو لایەن و خەڵکی هەردوو وڵات لەبەرچاوبگیرێت".

کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین

بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی هەولێر، تاوتوێکردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت، بەڵام بابەتی کردنەوەی دەروازەی کێلەشینیش لە سنووری قەزای سیدەکان دەخرێتەڕوو.

رۆژی ۲۳-۰۷-۲۰۲۳، پارێزگارانی هەولێر و ورمێ لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران واژۆی رێککەوتنێکی ۲۰ خاڵییان کرد بۆ زیاتر و باشترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کارئاسانی گەشتیارانی هەردوولا کە یەکێک لە خاڵەکان تایبەتە بە کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی سنووری لەنێوان دوو پارێزگاکە.

ئەو دەروازە سنوورییە دەکەوێتە سنووری قەزای سیدەکان. پارێزگاری ورمێ دەڵێت: ''رێککەوتنە سەرەتاییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین کراون، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوەڕوانی جێبەجێ کردنی هەندێک لە مەرجەکانە، وەک دانانی هێزی پاسەوانی سنووریی حکوومەتی عێراق لە سنوورەکە و سیدەکان. بە جێبەجێ کردنی ئەو خاڵەش ئامادەییمان هەیە لە دوو مانگی داهاتوودا دەروازەکە بکەینەوە".

لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا ئەمە چوارەمین جارە پارێزگاری ورمێ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. محەممەدسادق موعتەمدیان لەوبارەوە گوتی: ''لەو ماوەیەدا ترانزێتکردنی کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ)وە بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر لە ۲۵۰% زیادیکردووە".

پارێزگاری ورمێ ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوو ساڵی رابردوودا هەناردەکردنی کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان نزیکەی ۴۰% بەرزبووەتەوە کە ''ئەمە دەرخەری سەرکەوتنی مامەڵەکردن و هاوکاریی دوولایەنەی نێوانمانە.''

محەممەسادق موعتەمدیان باسی لە ئەندامانی شاندەکەی کرد کە پێکهاتوون لە بەرپرسان و کەسایەتیی زۆربەی شارەکانی سەر بە پارێزگاکە و گوتی: ''ئەمە دەرخەری گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت''.

زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن

زیارەتکارانی ئێران، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراویش باشماخ و حاجی ئۆمەران بۆ چوونە نێو عێراق و بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەڵدەبژێرن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رێگەکە بە "سەلامەتتر و نزیکتر" دەزانن.

محەممەسادق موعتەمدیان باسی لەوە کرد، یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە لە کۆبوونەوەی بەیانیدا دەخرێتەڕوو، کردنەوەی دەروازەی سنووریی باشماخ و حاجی ئۆمەرانە بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانی.

لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران حەوت دەروازەی سنووری هەن؛ سێ فەرمی و چواریشیان نافەرمین؛ لەو دەروازانەوە ساڵانە چوار ملیار دۆلار ئاڵۆگۆڕی بازرگانی دەکرێت.

News Code 223622

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha