ئامادەین بۆ بەهێز کردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەولێر لە هەموو بوارەکاندا

بەشی کوردستان- ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە و شاندێکى یاوەرى کرد، کە پێکهاتبوون لە جێگری پارێزگار بۆ کاروباری ئابووری و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە شاری سنە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەکەدا، جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کرایەوە و گفتوگۆ لە بارەى دەرەنجامى ڕێککەوتنى نێوان پارێزگاى هەولێر و ئورمییە کرا، کە توانراوە لە ڕێگەى ئەو ڕیککەوتنامەیەوە زۆربەى کێشە و گرفتەکانى هەردوو مەرزى نێوان ئورمیە و هەولێر چارەسەربکرێت و بەهۆیەوە جووڵە و ڕه‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران-تەمەرچین بەرەپێشچوونى زۆر بە خۆیەوە ببینێ، لەوبارەیەشەوە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر واژووکردنى یاداشت و ڕێککەوتنێکى لەو چەشنەش لە نێوان هەولێر و سنە.

پاشان پارێزگارى سنە بە فەرمى بانگهێشتى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ سەردانی‌کردنى شارى سنە و لەلایەن خۆشیەوە پارێزگارى هەولێر بە سوپاسەوە بانگهێشتنامەکەى قەبووڵ کرد و هەردوولاش نزیک‌بوونەوە و پەیوەندى نێوان زانکۆى سەڵاحەدین و زانکۆى کوردستانى شارى سنەیان بە پێویست زانى و جەختیان لە سوود وەرگرتن لە ئاڵوگۆڕى زانستى و تەندروستى بەگشتیى کردووە.

لە کۆتایدا پارێزگاری سنە، جەختى لەبەرە و پێشبردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای سنە کردەوە و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و جموجۆڵی بازرگانی لەنێوان هەردوو پارێزگا نیشاندا.

News Code 222263

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha