بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماتیۆ میللەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن ڕایگەیاند: "ئاگربەستی مەنبج تاوەکوو کۆتایی هەفتە درێژ کراوەتەوە". دەشڵێت، تاوەکوو بتوانن ئاگربەستەکە درێژ دەکەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، ئاگربەستەکە دەرئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بوون لەگەڵ هەسەدە و لەگەڵ حکوومەتی تورکیا، یەکەم ڕێککەوتنی ئاگربەستیش کە هەفتەی ڕابردوو هاتەکایەوە، بەهەمان شێوە لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بوون، ئەوەش نەک تەنیا لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە، بەڵکوو ئێمە هێزە نێودەوڵەتییەکانمان هەیە کە لەنێو سووریان و میکانیزمێکی لەمێژینەی ئاگربەستیان لەوێ هەیە و لەگەڵ حکوومەتی تورکیا و هەسەدە کار دەکەن تاوەکوو دڵنیابن هێزەکان و لەنێویشیان هێزەکانی ئەمریکا مەترسییان لەسەر نەبێت و بەردەوامیشن لەوەی لەو گۆشانەوە کار بکەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رێگری بکەین لە سەرهەڵدانی ناکۆکی زیاتر."
ناوبراو وتیشی، "نامانەوێت هیچ یەکێک لە لایەنەکان سوود لەو دەرفەتی ناسەقامگیرییە وەربگرن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە نیشتیمانییە فراوانەکانی سووریا بەرەو پێشەوە ببەن".
لەبارەی پرسیاری ئەوەشی "ئایە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی کوردانی سووریا؟" میللەر گوتی، "بەڵێ، بەردەوام دەبین."
وتەکانی ماتیۆ میللەر لەکاتێکدایە، تورکیا و گرووپە چەکدارە سووریاییەکانی نزیکی، لە پێش و دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، ئەو هێزەی کە ئەمریکا بە هاوبەشی سەرەکیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەزانێت.
لە رۆژی ۱۰-۱۲-۲۰۲۴ـەوە، لە بەنداوی تشرین شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا دەستیپێکرد.
ژووری ئۆپەراسیۆنی فەجر حوڕییەی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا، ڕۆژی پێنجشەممە ۱۲ـی کانوونی یەکەم ڕایگەیاند: "رێککەوتنمان لەسەر ئاگربەستێکی چوار ڕۆژە لە ناوچەکانی مەنبج و دەوروبەری کردووە، ئەوەش لەپێناو جێبەجێ کردنی لێکتێگەیشتنە مرۆیی و ئەمنییەکان".
ئاگربەستەکە لە ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۲ـی کانوونی یەکەم کاژێر ۰۵:۰۰ـی ئێوارە بەکاتی دیمەشق دەستیپێکرد و تاوەکوو ڕۆژی دووشەممە، ۱۶ـی کانوونی یەکەم بەردەوام بوو.
Your Comment