بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبج رایگەیاند، بە درێژایی رۆژی هەینی 06-12-2024 بۆردوومانی هێزەکانی سووپای تورکیا و "چەکدارە بە کرێگیراوەکان" بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و باشوور و رۆژهەڵاتی مەنبج بەردەوام بووە، هەروەها جارێکیان درۆنی خۆکووژیان بەکارهێناوە. جگە لەوەش سوپای تورکیا دوو جار گوندی قورعەی بۆردوومان کردووە.
ناوەندەکە هەروەها ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی مافی بەرگریی لەخۆکردن، وەڵامی هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانیان لە ناوچەی باب داوەتەوە، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا ژمارەیەک چەکداریان کوشتوون، سێ شەڕڤانیش گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژی هەینی وا بڵاوکرایەوە، کە چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا، هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە مەنبج، بەڵام ئەنجوومەنی سەربازی مەنبج ئەو راگەیێندراوەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: "ئەوەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە و درۆیە، ئێمە هەموو کات توانامان هەیە چەکدارە بە کرێگیراوەکان پەرتەوازە بکەین".
Your Comment