بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی دەستەی تەحریری شام، هێزەکانی لایەنگری تورکیاش دەستیان بە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان کرد. لەمبارەوە مەزڵووم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "رووداوەکان لە باکووری رۆژئاوای سووریا بەشێوەیەکی خێرا و چاوەڕواننەکراو پەرەیان سەند. هێزەکانمان لە ژمارەیەک بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕ بوونەوە."
مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "لەگەڵ داڕووخان و کشانەوەی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی، بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی لە نێوان ناوچەکانمان لە ڕۆژهەڵات و حەلەب و تەلڕەفعەت، دەستوەردانمان کرد بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی بپارێزین، بەڵام هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی داگیرکاری تورک پشتیوانییان دەکات، ئەو رێڕەوەیان پچڕاند".
لای خۆیەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و پشت بە تۆڕێکی بەرفراوان لە پەیامنێران لە سەرانسەری سووریا و کوردستان دەبەستێت، هۆشداری دەدات لەوەی هێزی بەناو "سوپای نیشتمانیی سووریا" ۲۰۰ هەزار دانیشتووی کوردی باکووری حەلەبی گەمارۆداوە و دەڵێت، مەترسیی "کۆمەڵکوژیی گەورە" لە دژی کورد هەیە.
لەو بارەیەوە مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە کاریگەرەکانی سووریا لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی گەلەکەمان بپارێزین و لە ناوچەی تەلڕەفعەت و شەهباوە بیانگوازینەوە بەرەو ناوچە سەلامەتەکانمان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت: "لە هەمان کاتدا بەرخودانی هێزەکانمان بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان لە ناوچە کوردییەکانی شاری حەلەب بەردەوامە".
Your Comment