بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک (MSD) لە بارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی باکوور و ڕۆژئاوای سووریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای ڕاگەیانراوەکەدا توندوتیژیی لە سووریا شەرمەزار کرا و ئاماژە بەوەدراوە، کۆنترۆڵ کردنی شاری حەلەب و گوندەکانی حەمما بەبێ هیچ بەرپەرچدانەوەیەک، جێگای نیگەرانییە.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرا، کە گوشار بخاتە سەر هەموو لایەنە کاریگەرەکان لە سووریا، شەڕ ڕابگرن و پڕۆسەیەکی سیاسیی دەستپێبکەن کە هەموو لایەنەکانی سووریا تیایدا بەشدار بن.
لە درێژەی ڕاگەیانراوەکەدا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک وەک بەرپرسی شەڕ لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دیاری کراوە و سەبارەت بە دۆخی کۆچبەران لە هەرێمی شەهبا، داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کرا کە دەستوەردانێکی بەپەلە بکەن و هاوڵاتییانی مەدەنی لە تاوانەکانی شەڕ، کوشتار و ناچارکردنی کۆچ بپارێزن.
ئاماژە بەوەش کراوە، مەترسی هەیە چەتەکانی داعش سوود لەم دۆخە وەربگرن، هەروەها داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرا پشتگیری هێزەکانی سووریای دیموکراتیک –قەسەدە بکەن بۆ بەهێزکردنی تێکۆشان دژی تیرۆر و هاوکارییەک لە نێوان هێزەکانی عێراق و قەسەدە دروست بکەن.
هەروەها جەخت لە گرنگی ڕۆڵی ڕووسیا لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا کراوەتەوە.
مەسەدە ئاماژەی بەوەداوە کە ئامادەیە لەگەڵ تورکیادا گفتوگۆ بکات و سەرنجی خستە سەر ئەم خاڵانە:
– شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان لایەنەکانی سووریادا تەنها لە بەرژەوەندیی دوژمنانی گەلی سووریا دایە و ناخۆشی و زەحمەتی هاوڵاتییان زیاد دەکات، بۆیە پێویستە گفتوگۆ پەرەی پێ بدرێت.
– پێویستە هەموو پێشێلکارییەکان دژی پێکهاتەکانی سووریا ڕابگیرێن، بەتایبەتی کورد و نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان کە بەشێکی سەرەکین لە مێژوو و جوگرافیای سووریا.
– قەیرانی سووریا تەنها لەڕێگەی چارەسەرییەکی سیاسیی و دوور لە دەستوەردانی دەرەکی چارەسەر دەبێت.
لە کۆتایی ڕاگەیانراوەکەدا، مەسەدە جەختی لە هەڵوێستی خۆی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا دووپات کردەوە و داوای جێبەجێکردنی بڕیاری نیشتیمانی ٢٢٥٤ـی کرد.
Your Comment