بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای زاڵبوون بەسەر هەموو ئەو مەترسیانەی کە ئەگەری هەبوو کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و سەلامەتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە عێراق هەبێت، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ڕێنمایی کردەوە کە ئاسمانی عێراق بەڕووی ئەو فڕۆکە مەدەنییانەی کە بەسەر ئاسمانی عێراقدا تێدەدەپەڕن یاخود گەشت بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق ئەنجام دەدەن بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: "کۆمپانیای گشتی بۆ فڕۆکەخانەکان و بەڕێوەبردنی کەشتیوانی ئاسمانی دەستی بە کارەکانی کردووە بۆ وەرگرتنی فڕۆکەی هاتن، ڕۆیشتن و ترانزێت و بەڕێوەبردنی ئاسمانی عێراق".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسمانی عێراقی، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەڕوی جوڵەی فڕۆکەکاندا، گەشتەکانی دەستپێدەکاتەوە و ڕێگاکانی بۆ سەرجەم شوێنەکانی دەکاتەوە".
ئەوە لە کاتێکدایە ئەمشەو ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و بەهۆی ئەوەوە پێنج وڵات ئاسمانی وڵاتەکەیان بەڕووی فڕۆکە مەدەنیەکاندا داخست، کە عێراق یەکێک بوو لە وڵاتانە.
Your Comment