بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی بارزانی و ئیبراهیم ڕائیسیەوە ڕایگەیاند: " لەو دیدارەدا ئیبراهیم ڕەئیسی جەختی لەوە کردەوە "پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای پەیوەندیی مێژویی، نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری دامەزراوە" و بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە، "هیوادارام ئەم سەردانە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە باشترکردنی ئاستی پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کولتوورییەکانی نێوانمان."
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئیبراهیم رەئیسی جەختی لەوە کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام گرنگیی بە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو دەدات: "پاڵپشتیی ئێران بۆ کورد لە کاتی رژێمی سەدام، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە و هێرشی داعش، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێران هەموو کات پاڵپشتی گەورە و دۆستی رۆژە سەختەکانە بۆ عێراق و کوردستان."
ئیبراهیم ڕەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگیی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە: ''ئێمە متمانەمان بە نیازپاکی و دۆستایەتیی برا عێراقی و کوردەکانمان هەیە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی رق و کینەی دوژمنان لە نێویاندا رژێمی زایۆنی لە دژی نەتەوەی ئێران، چاوەڕوانین حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی رێگری لە هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانێکی خاکەکەیان لە لایەن کەسانی سەر بە زایۆنی دوژمن و کەسانی دژە شۆڕش لە دژی ئێران بکەن".
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆککۆماری ئێران بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی لە جێبەجێکردنی تەواوی برگەکانی ئەو رێکەوتننامەیە کردەوە و رایگەیاند: "چەککردنی تەواو و نەمانی کەسانی دژە شۆڕش لە نێو خاکی عێراق پێویستییەکە".
سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە: "ئێران هیچ بەربەستێکی بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان و پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە." جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ''سنوورە درێژەکانی نێوان هەردوولا بە دەرفەتێکی بە نرخ دەزانین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پەیوەندییەکان، بەڵام ئەمن و ئاسایش پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ هەر جۆرە هاوکاری و پێکەوە کارکردنێک".
پێگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاندووە "پێویستە تێروانینی بەرپرسان سەرووتر لە نیازخراپی بیانییەکان بێت و تێپەرێت بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی رێکارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و عێراق بە شێوەیەکی گشتی و ئێران و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی تایبەتی".
نێچیرڤان بارزانی: ئێران دۆستی ڕۆژە سەختەکانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئاماژە بە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کراوە و دەڵێت: "نێچێرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە دیداری دووبارەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی دەربڕی و رایگەیاند، هاوبەشییە ئایینی، مێژوویی و کولتوورییەکان، بە درێژایی چەندین ساڵی دراوسێیەتیدا، پەیوەندییەکی قووڵی لە نێوان هەر دوو لایەن دروستکردووە".
بەپێی هەمان راگەیێندراو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی کردووە و کۆماری ئێسلامیی ئێرانی وەک "دۆستی رۆژە سەختەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان" ناوزەند کردووە: "سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان تەنانەت لە سەردەمی کۆرۆناشدا دانەخران. چاوەڕوانیمان لە ئێران ئەوەیە کە بەردەوام لە تەنیشتمان بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و بنیاتنانی وڵاتێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو. پەیوەندییەکانی رابردوومان جێگەی شانازییە و هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە داهاتوویەکی گەشاوەتر و باشترە لە رابردوو بنیات بنێین."
سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لەو کۆبوونەوەیدا بە ئیبراهیم رەئیسیی گوتووە: "بناخەی عێراقی نوێ و پەیوەندییەکانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و عێراق دەرئەنجامی هاوکارییە دڵخۆشکەرەکانی ئێران و عێراقن، هەر بۆیە ئێران بۆ ئێمە تەنیا بریتی نییە لە دراوسێیەک. ئەگەر شۆڕشی ئیسلامی و کۆماری ئیسلامی نەبووایە، دیار نەبوو ئەمڕۆ چارەنووسی بزووتنەوەی کورد چی دەبوو. رێزگرتن لەم هاوکاری و پەیوەندییانە هێڵێکی سوورە کە هەرگیز نابەزێندرێن".
Your Comment