پشتگیرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەشێکی زۆری لایەنە کوردستانییەکان داوادەکەن هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کە ۱۰ی ۶ی ۲۰۲۴ـە ئەنجامبدرێت و هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەو وادەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاپۆرتێکی لەسەر پشتگیرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە کە لە درێژەدا هاتووە:

یەکێتی: هەڵبژاردن تاکە رێگای دیموکراسییە

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، تەئکیدی لەسەر، "هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن ئەنجام بدرێت، چونکە تاکە رێگای راست و رەوای نوێکردنەوەی پڕۆسەی دیموکراسی و شەرعییەتی حوکمڕانییە لەوڵاتەکەماندا".

"هەر بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هەبێت، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هاوکات هەڵبژاردن قەوارەکەمان لە هەڕەشەو مەترسی دەپارێزێت و تەنها رێگای گەڕانەوەیە بۆ رای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان"، هەروەها، "ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی کوردستانی ئازاد بە قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتربکات کە پشتیوانی لە ئەزموونێک دەکات ئازاد و دیموکرات و شەرعی بێت"، لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیدا هاتووە.

بزووتنەوەی گۆڕان: پێویستمان بە هەڵبژاردنە

بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە باشترین بژاردە لەبەردەم هەرێمی کوردستان بریتییە لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا.

بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە: "پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، هەروەها باشترین بژاردە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە، بە بەشداری و لێکتێگەیشتنی هەمو لایەنە سیاسییەکان، پێویستە هەڵبژاردنێک ئەنجام بدرێت کە وەڵامگۆی پێداویستییە نیشتمانی، یاسایی، دامەزراوەیی و بەپیرەوەچوونی ژیان و گوزەران و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بێت، لە هەمووی پڕبایەختر لەڕێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستانەوە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی هەرێم بکرێت".

یەکگرتووی ئیسلامی: هەڵبژاردن پێویستییەکی نیشتمانییە

 یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هەڵبژاردن بە ئیستحقاقێکی میلی دەزانێت و لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وتەبێژی حزبەکە رایگەیاندووە: "ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هەڵبژاردن بە پێویستییەکی نیشتمانی و ئیستحقاقێکی میلی دەزانین و لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت".

کۆمەڵی دادگەری: لەمپەر بۆ هەڵبژاردن دروست نەکرێت

کۆمەڵی دادگەری کوردستان داوادەکات هیچ لەمپەر و رێگریەک نەخرێتە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن و لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی حزبەکەیان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن دەخاتەڕوو، ئاماژە بەوەدەکات: "لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لەو کاتەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە و  هیوادارین هیچ لەمپەڕو رێگرییەک نەخرێتە بەردەم ئەنجامدانی پڕۆسەکە".

"هەرجۆرە ئینکارییەک کە وەستان بێ لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فدراڵی، هەرێمی کوردستان روبەڕووی قەیرانی زیاتردەکاتەوە و دوورنییە چوارچێوە دەستوری و یاساییەکەی هەرێم لەدەست بدەین"، لە راگەیەندراوەکەی کۆمەڵی دادگەریدا هاتووە.

پشتیوانی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی دەکرێت

هاوکات لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا پارتی سەوزی کوردستانی و  بزووتنەوەی رزگاری دیموکراتی کوردستان پشتیوانی لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

لەبەیانامەکەیدا پارتی سەوزی کوردستانی رایدەگەیەنێت: "هاوهەڵوێست و پشتیوانی لە ڕاگەیاندراوەکەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەین بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا، نابێت چیتر پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستان دوابخرێت"، ئاماژەبەوەشدراوە: "لە ئێستادا، گەلەکەمان رووبەڕووی ژیانێکی زۆر قورس بووەتەوە، بۆیە دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ دەربازبوون لە ئەم  دۆخی ئێستادا و گەڕانەوەی مافی دیموکراسی هەڵبژاردنی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی راستەقینەی هاووڵاتیان بێت، لەپەرلەمانی کوردستان".

هەروەها لە بەیاننامەی بزووتنەوەی رزگاری دیموکراتی کوردستان هاتووە: "پشتیوانی لەبڕیارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین سەبارەت بەپڕۆسەی هەڵبژاردن، هەڵبژاردن پایەیەکی گرنگە لەبنەماکانی دیموکراسی، ونوێبونەوەو خزمەت کردن بە خاک وگەل و پێشکەوتنی کۆمەڵگا".

بزووتنەوەی چاکسازیی نیشتمانی: هەڵبژاردن ئەم دۆخە تێدەپەڕێنێت

بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتمانی سەبارەت بەبارودۆخی ئێستای کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لە راگەیەندراوێکدا پشتیوانی بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکات و ئاماژە بەوەدەکات: "ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و دیموکراتیانە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان زۆر گرنگە".

بۆ جاری چوارەم رۆژی ۳-۳-۲۰۲۴، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەرکردو بڕیاریدا کە رۆژی ۱۰-۶-۲۰۲۴ پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت، ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر سێ جار وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکرابوو، بەڵام بە هۆکاری جیاجیا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا، لە ئێستاشدا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان داوادەکەن هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و لەوە زیاتر دوانەخرێت.

News Code 223250

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha