نەتەوەیەکگرتووەکان چوارەم ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی سووریا و ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی هەسەدە بڵاو کردەوە

بەشی سووریا- سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان چوارەم ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی تووندوتیژی دژی منداڵان لە و سووریا و ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی ئەو وڵاتە پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.

 بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد کە تێیدا ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی دژی منداڵان لە سووریا دەکات.

راپۆرتەکە پێشێلکارییەکانی ۱-۷-۲۰۲۰ تاوەکوو ۳۰-۹-۲۰۲۲ی تۆمار کردووە و دابەشی سەر شەش بەشی کردووە، ئەوانیش چەکدارکردن و بەکارهێنان، کوشتن و بریندارکردن، دەستدرێژی، هێرش‌کردنە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، ڕفاندن و ڕەت‌کردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکانن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەو ماوەیەدا پێنج هەزار و ۲۱۹ پێشێلکاری لەلایەن ۳۰ گرووپی چەکدارییەوە بەرامبەر پێنج هەزار و ۷۳ منداڵ کراون و ئاماژە بەوەش کراوە، بەراورد بە راپۆرتەکەی پێشوو کە ۲۳-۴-۲۰۲۱ نێردراوە پێشێلکارییەکان ۱۰% زیادیان‌کردووە.

چەکدارکردن و بەکارهێنان

 نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دوو هەزار و ۹۹۰ منداڵ (دوو هەزار و ۸۶۰ کوڕ و ۱۳۰ کچ) وەک چەکدار بەکارهاتوون؛ منداڵەکان تەمەنیان لەنێوان ۹ بۆ ۱۷ ساڵە.  هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وەک نەتەوەیەکگرتووەکان باسی‌کردووە، ۸۲۹ منداڵیان وەک چەکدار بەکارهێناوە و دابەشکارییەکە بەمشێوەیەیە: ۸۲۴ منداڵ لەلایەن یەپەگە/یەپەژە، سێ منداڵ لەلایەن هێزەکانی دیکەی نێو هەسەدە، دوو منداڵیش لەلایەن هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین.

 لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "لە ساڵی ۲۰۱۹دا هەسەدە رێککەوتنێکی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان واژۆ کرد و بەڵێنی‌دا کۆتایی بە چەکدارکردنی کەسانی تەمەن خوار ۱۸ ساڵ بهێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەند ئۆفیسێکی تایبەت بە پاراستنی منداڵانی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی کردەووە. بەڵام لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەکدارکردنی منداڵان لەلایەن هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆوە بە رێژەی ۸۰% زیادی‌کردووە".

هەسەدە رایگەیاندووە، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا ۲۷۸ منداڵیان لە ڕیزەکانیان دوورخستوونەتەوە و یارمەتی ۵۴ منداڵی دوورخراوەیشیان داوە بۆ ئەوەی بچنەوە نێو خێزان و کۆمەڵگەکانیان.

لەبارەی سنووری پێشێلکارییەکان، پارێزگای ئیدلیب زۆرترینی تێدا تۆمارکراوە کە هەزار و ۲۲۰ پێشێلکاری بووە؛ پارێزگای حەسەکە وەک پارێزگایەکی کوردستانی، ۶۲۶ پێشێلکاری تێدا کراوە.

زەوت‌کردنی ئازادییەکان

 سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕاگەیاندووە، ۹۱۰ منداڵ بەهۆی هەبوونی پەیوەندی بە داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیکەوە ئازادییان لێ زەوتکراوە. لەو ژمارەیە، ۷۵۸ منداڵ قوربانی دەستی هەسەدە و هێزەکانی دیکەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن.

کوشتن و بریندارکردن

 نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەدا کوشتنی ۷۹۲ منداڵ و بریندارکردنی هەزار و ۹۹ منداڵ پشتڕاست دەکاتەوە کە هەزار و ۲۴۵یان کوڕ، ۴۳۹یان کچ و ۲۰۷یان ڕەگەز نەزانراون.

 هەروەها ۷۶۰ لەو منداڵانە تەمەنیان لە ۱۲ ساڵ کەمترە. بەمجۆرە، کوشتن و بریندارکردن بەراورد بە راپۆرتی پێشوو، ۳۰% زیادی‌کردووە.

نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمەتی کوشتن و بریندارکردنی ۱۴۵ منداڵ دەخاتە ئەستۆی هەسەدە و هێزەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر (۷۰ منداڵ لەلایەن یەپەگە/یەپەژە، ۵۸ لەلایەن هێزەکانی دیکەی نێو هەسەدە و ۱۷ منداڵیش لەلایەن هێزەکانی رزگاریی عەفرین).

لەبارەی سنووری تووندوتیژییەکان، حەلەب بە پلەی یەکەم دێت کە ۶۲۷ تاوانی تێدا کراوە و حەسەکەش ۱۲۹ تاوانی کوشتن و بریندارکردنی تێداکراوە.

دەستدرێژی

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە چوار کچی کوردی ئێزدی دەکات کە تەمەنیان ۱۳ بۆ ۱۷ ساڵ بووە و وەک "کۆیلەی سێکسی" ڕفێنراون و بەکارهێنراون. کچەکان لە ۲۰۱۴ لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون و لە ۲۰۲۱ ئازادکراون.

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، "لە ماوەی نووسینی راپۆرتەکەدا سێ ڕووداوی دەستدرێژی و جۆرەکانی دیکەی تووندوتیژی سێکسی تۆمارکراون (دوو کوڕ و کچێک) هەر سێ ڕووداوەکە لەلایەن دەستەی تەحریری شام لە ئیدلیب لە ۲۰۲۰ کراون".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "سێ منداڵەکە خوشک و بران. کوڕەکان تەمەنیان ۱۱ و ۱۲ ساڵە، خوشکەکەشیان تەمەن ۱۴ ساڵە. ئەو منداڵانە لە خانەیەکی بێ سەرپەرشتانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەستەی تەحریری شام بوون.

هێرشکردنە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانە

نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەدا ۶۳ هێرش بۆسەر نەخۆشخانە و قوتابخانەکان پشتڕاست دەکاتەوە، بە جۆرێک ۳۹ هێرش بۆ سەر قوتابخانەکان کراون و ۲۴ هێرشیش بۆ سەر نەخۆشخانەکان؛ دەشڵێت، بەراورد بە راپۆرتی پێشوو، هێرشەکان ۸۰% زیادیان کردووە.

 ڕاپۆرتەکە هەسەدە و هێزەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە ئەنجامدانی ۱۶ هێرش تۆمەتبار دەکات و دابەشکارییەکەش بەم جۆرەیە: چوار هێرش لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ، هێرشێک لە لایەن هێزەکانی رزگاریی عەفرین، هێرشێک لە لایەن یەپەگە/ یەپەژە و ۱۰ هێرش لەلایەن هێزەکانی دیکەی نێو هەسەدە.

لەبارەی سنووری هێرشەکان، ڕاپۆرتەکە دەڵێت، ۲۶ هێرش لە ئیدلیب، ۱۳ هێرش لە حەلەب و شەش هێرشیش لە پارێزگای حەسەکە بوون.

ڕێکخراوە جیهانییەکە دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکان ۸۱ منداڵ کوژراون یان بریندار بوون. بۆ نموونە، لە ئەیلوولی ۲۰۲۱دا هێزەکانی نزیک لە حکومەتی سووریا، هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر پەیمانگەیەکی تایبەت لە ئیدلیب و چوار کوڕ و دوو کچیان بریندارکرد کە تەمەنیان لە ۱۳ ساڵ کەمتر بوو.

بەکارهێنانی قوتابخانە و نەخۆشخانە بۆ مەبەستی سەربازی

نەتەوەیەکگرتووەکان ۷۰ ڕووداوی بەکارهێنانی ۶۳ قوتابخانە و حەوت نەخۆشخانەی بۆ مەبەستی سەربازی پشتڕاستکردووەتەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، "یەپەگە/یەپەژە ۵۵ جار و هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ سێ جار ئەم کارەیان کردووە".

لەبارەی سنووری رووداوەکان، راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، لە حەسەکە ۵۳ جار ئەو کارە هەبووە کە زۆرترین جارە لە پارێزگایەک تۆمارکرابێت. پارێزگای دێرەزووریش لە پلەی دووەم دێت بە ۱۳ جار.

لە نموونەیەکدا، راپۆرتەکە دەڵێت، لە حوزەیرانی ۲۰۲۲ یەپەگە/یەپەژە قوتابخانەی حوەیجی لە پارێزگای دێرەزوور وەک بنکەیەک بەکارهێنا و ئاڵای خۆی لەسەر هەڵکرد.

ڕفاندن

نەتەوەیەکگرتووەکان ۲۲۲ رفاندنی پشتڕاست کردووەتەوە؛ ۷۳ کوڕ و ۱۴۹ کچ کە تەمەنیان لەنێوان ۳ بۆ ۱۶ ساڵە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "دەستەی تەحریری شام ۲۱۰ رفاندن، جوانێن شۆڕشگێڕ پێنج ڕفاندن، هێزی نەناسراو پێنج رفاندن، یەپەگە/یەپەژە و هێزەکانی حکوومەتی سووریا هەریەکەیان یەک ڕفاندن".

لەبارەی سنووری ڕفاندنەکانەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ۲۱۰ رفاندن لە ئیدلیب بووە و لە حەسەکەش ۱۰ ڕفاندن هەبووە.

لە نموونەیەکدا راپۆرتەکە ئاماژە بە دەستەی تەحریری شام دەکات کە ئەو هێزە هەڵدەکوتنە سەر خانەیەکی بێ سەرپەرشتان و دەستی بەسەردا دەگرن. خانەکە ۲۱۰ منداڵی تەمەن ۱ بۆ ۱۵ ساڵی تێدا بووە.

 ڕەت‌کردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان ۵۰ رەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە هاوکاریی مرۆیی پشتڕاستکردووەتەوە؛ ۱۶ جار لەلایەن هێزی نەناسراو، پێنج جار لەلایەن هەسەدە و دوو جار لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆییەوە ئەنجام‌دراون.

لەبارەی سنوورەکەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، حەسەکە لە پلەی یەکەمە بە ۱۸ جار و ئیدلیبیش بە ۱۲ جار. جگە لەوانە، راپۆرتەکە ئاماژەی بە کوشتنی ۳۴ کارمەند و برینداربوونی ۱۵ کارمەندی ڕێکخراوە مرۆییەکان کردووە.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

News Code 222599

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha