شاندی پارتی و بافڵ تاڵەبانی جەخت لە درێژی گفتوگۆکان دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی و شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، لە بەغدا لە ماڵی مام جەلال کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆکان و لێکتێگەیشتنی نێوان هەموو لایەنەکان کرایەوە بەشێوەیەک یەکڕیزیی نێوماڵی کورد پارێزراوبێت و هەمووان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاوبنێن.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا دابین‌کردنی شایستەداراییەکانی هەرێم و پاراستنی مافی مووچەخۆران جەختی‌لێکرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجە مافەکانی هەرێم پارێزراوبێت.

دۆخی ئەمنیی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکان تەوەرێکی‌تری کۆبوونەوەکە بوو و بڕیاردرا هەنگاوی جدی و کردەیی بە ئاڕاستەی زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا بنرێت و پارێزگاریی لە سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی بکرێت.

بافڵ تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ کۆتایی‌هێنان بەو کێشانەی دروستکراون دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانە و کاری پێکەوەیی لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا رێگە راستەکەی سیاسەتە و هیوادارم پێکەوە دوور لە چەسپاندنی ئیرادە و سڕینەوەی یەکتر خەبات بۆ خاک و خەڵکەکەمان بکەین.

News Code 221973

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha