بێدەنگیی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تائێستا سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بێدەنگییان هەڵبژاردووە سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوو ڕۆژ بەر لەئێستا واتا ٣٠ ئایاری ٢٠٢٣ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا بە نادەستوری بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و هەموو بڕیار و یاساکانی پەرلەمانی لەو ماوەیەی کە تەمەنی درێژکردووەتەوە بە پووچه‌ڵ و هەڵوەشاوە ناو برد.

پێشتر دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێکی لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد، لە ۱۵ی شوباتی ۲۰۲۲ بڕیاری دا بە نادەستوری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم و نایاسایی بوونی هەناردە کردنی نەوتی هەرێم، ئەوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو پێیەوە و نەوتی ڕانەگرت تا بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی لە پاریس ده‌رچوو، تورکیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی ڕاگرت، دواتر لە ۲۵/۱/۲۰۲۳ دادگای فیدراڵی بڕیاری نایاسایی بوونی ناردنی پارەی لە بەغداوە بۆ هەرێم دەرکرد، ئەوکات مەسعوود بارزانی دادگای فیدراڵی بە (محکمة الثورة)ی رژێمی پێشووی ناوبرد و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمیش بەیاننامەیان لە دژی دەرکرد.

تائێستا سەرۆکایەتییەکانی (هەرێم، پەرلەمان، حکوومەت، دادوەریی) هیچ لێدوان و قسە و کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نایاسایی بوونی درێژ کردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نییه‌.

بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە و حکوومەت کاربەڕێکەرە و سەرۆکایەتی هەرێمیش دەبێت لەماوەیەکی دیاری کراودا داوا لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

هێشتا پارتی و یەکێتیی و بەشێک لە حزبەکان بەرەسمی ڕای ڕوونیان لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەبووە، نە ڕەتیان کردووەتەوەو نە پشتیوانیان کردووە.

پارتی دیموکراتی کوردستان دوێنی بە ناڕاستەوخۆ لە رێگەی وتەبێژەکەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە بەڵام زیاتر جەخت کردنەوە بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و خۆی بەدوور گرتبوو لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ناوهێنانی، بۆیە لە ئێستادا مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆکایەتی بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لە کۆبوونەوەدایە، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ڕەتی بکاتەوە یان پابەند بێت پێیەوە.

لەمبارەوە سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە درەوی راگەیاندووە، لەئێستادا ڕەت کردنەوەی بە زیان بۆ پشکی هەرێم لە یاسای بودجەدا دەگەڕێتەوە بۆیە پارتی خۆی لێبەدوورگرتووە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەشێکی زۆری لە قازانجی پارتییە، بەڵام پابەند بوون پێیەوە زیانی گەورە بە قەوارەی هەرێم دەگەیەنێت و رەنگە بڕیاری توندتری بەدواوە بێـت.

تائێستا یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وەک حزب و وەک نوێنەرانی لە حکوومەت و پەرلەمان هیچی لەسەر نەوتووە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکێتیی لە رێگەی کارگێرانی مەکتەبی سیاسی و بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی کۆ ببێتەوە، سەرچاوەیەک لە یەکێتیی بە درەوی راگەیاندووە: یەکێتی بڕیارەکەی پێ باشە، لەلایەک ستۆپ کردنە بە پارتی کە بە نایاسایی کۆمسیۆنی کاراکردەوە و لە ئەنجومەنی دادوەریش تێیپەڕاندووه‌، لەلایەکیش سەرۆکی کۆمسیۆنی عێراق لە یەکێتیە و بۆ یەکێتیی کۆمسیۆنی عێراق باشترە و داوای یەکێتی هەر ئەوەبووە.

تا ئێستا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان بێدەنگن و هیچ لێدوان و قسەیەکیان لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەکردووە.

نەوەی نوێ هەر زوو پشتیوانی لە بڕیارەکە کرد و جگە لە سکاڵاکەی یوسف محەمەد، نەوەی نوێ سێ سکاڵای کردبوو لە دادگای فیدراڵی عێراق.

کۆمەڵی دادگەریی بەیاننامەیەکی دەرکرد و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی بەرپرسیار کرد لە دروست بوونی ئەو بارودۆخە و دەرچواندنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی. 

News Code 221561

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha