بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ۱۲-۱۲-۲۰۲۵، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی، هاوخەمیی خۆی و خەڵکی پارێزگاکەی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەربڕی.
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێک کە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئارەش لهۆنی ئامادەیی خۆی و دامەزراوە حکوومییەکانی پارێزگاکەی دەربڕیوە بۆ ناردنی هەر هاوکارییەکی پێویست بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە، بەتایبەتی بۆ قەزای چەمچەماڵ.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پارێزگاری سلێمانی سوپاسی ئارەش لهۆنی کردووە و رایگەیاندووە، لەکاتی پێویستدا داوای هاوکاری لە تیمەکانی فریاگوزاریی سنە و بەکارهێنانی تواناییەکانیان دەکرێ.
لایخۆیەوە هەڤاڵ ئەبووبەکر وتی: "تاوەکوو ئێستا هەنگاوەکان باشن، بە پارێزگاری سنەمان گوت، سنە و سلێمانی دووانەیەکن و هەر کارێک هەبێ ئێوە یەکەم شوێنن".
لە ڕۆژی یەکشەممە ۷ـی کانوونی یەکەمەوە بارانی بەخوڕ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە دوو رۆژ دواتر لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە. زۆربەی زیانەکان لە قەزای چەمچەماڵی سنووری پارێزگای سلێمانی بوون.
Your Comment