بەیاننامەی هاوبەشی سووریا، ئێران، تورکیا و ڕووسیا: پابەند دەبین بە سەروەریی سووریا و شەڕی تیرۆر

بەشی ئێران- وەزیرانی دەرەوەی ئێران، ڕووسیا، تورکیا و سووریا کۆبوونەوە و پابەندبوونی وڵاتەکانیان بە "سەروەریی سووریا و شەڕی تیرۆر" بە هەموو شێوەیەک دووپات کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، تورکیا، ئێران و سووریا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا کۆ بوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە لە بەیاننامەیەکدا باسیان لەوە کرد: "سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا،  فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە و ڕەزامەندییان دەربڕیوە کە جێگرەکانیان ڕاسپێرن بۆ ئامادە کردنی نەخشەڕێگایەک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "رێککەوتوون لەسەر ڕاسپاردنی بریکاری وەزیری دەرەوە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و هەواڵگریی ئەو چوار وڵاتە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "وەزیرەکان ئەو کەشوهەوا ئەرێنی و بنیاتنەرەیان دووپات کردەوە کە لە ئاڵوگۆڕی بیروڕادا هەبوو، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر بەردەوام بوون لە پەیوەندییە ئاست بەرزەکان و دانوستانە تەکنیکییە چوارقۆڵییەکان لە ماوەی داهاتوودا".

هەروەها ئاژانسی RIA Novostiی ڕووسی بڵاوی کردەوە، لاڤرۆڤ لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە "دەستپێکردنی پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی تورکیا-سووریا کاریگەری ئەرێنیی لەسەر دۆخی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی هەیە".

هەروەها وەزیری رووسیا پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی بە ئامرازێک زانی بۆ کردنەوەی دەرفەتی نوێ بۆ دانیشتنەکانی ئاستانا بۆ یەکلا کردنەوەی قەیرانەکانی سووریا.

News Code 221420

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha