زۆرینەی حاڵەتەکانی باری نائاسایی لە تورکیا بۆ کۆنترۆڵ کردنی کوردەکان ڕادەگەیێندرێت

بەشی جیهان- دامەزراوەی کارنێگی هەموو ئەو حاڵەتانەی کە حکوومەتی ئەردۆغان لە 20 ساڵی ڕابردوودا باری نائاسایی ڕاگەیاندووە تاوتوێ کردووە و ڕایدەگەیەنێت زۆرینەیان بەمەبەستی کۆنترۆڵ کردنی ناوچە سنووری و کوردنشینەکانی باشووری تورکیا بووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی تورکیا پاش بوومە لەرزە کوشندەکەی زستانی ڕابردوو کە ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتەی هەژاند، سێ مانگ بارای نائاسایی ڕاگەیاند. دامەزراوەی کارنێگی لە ئەوروپا هەموو حاڵەتەکانی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی یان باری لەناکاوی لە تورکیا تاوتوێ کردووە و ئەم ڕێوشوێنانە بە ئامانجی کۆنترۆڵ کردنی کورد لە هەردوو دیوی سنووری نێوان تورکیا و سووریا لەقەڵەم داوە.

ئەم پەیمانگایە پێی وایە تەنانەت ئەو باری نائاساییەی دوای بوومەلەرزە کوشندەکەی ئەم دواییەی تورکیا ڕاگەیەندرا، پەیوەندییەکی کەمی بە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی دوای بوومەلەرزەکەوە هەیە، بەڵکوو زیاتر پەیوەندی بە کۆنترۆڵ کردنی جموجۆڵی گرووپە کوردییەکانەوە هەیە چ لە ناوخۆی تورکیا و چ لە ناوخۆی سووریا.

کارنێگی ئاماژەی بۆ ئەمەش کردووە کە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە تورکیا لە هەشتاکاندا و دوای ئۆپەراسیۆنی ئەو وڵاتە لەدژی پەکەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە باو بووە، ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێوشوێنانەش بە گوشار خستنە سەر هاووڵاتیانی کورد و دامودەزگا کوردییەکان لە تورکیا دەزانێت.

بەگوێرەی شیکارییەکەی دامەزراوەی کارنێگی، تەقریبەن هەموو ئەو حاڵەتە نائاساییانەی کە حکومەتەکەی ئەردۆغان ڕایانگەیاندبوو، بە جۆرێک پەیوەندییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیاوە هەبووە لە دژی کورد لە ناوخۆ یان دەرەوەی تورکیا، بەتایبەتی ئەو سێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە لە دژی کوردەکانی سوریا ئەنجام درا.

ئەم ناوەندە پێی وایە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەلایەن حکوومەتەکەی ئەردۆغانەوە ئەو مۆڵەتەی بە ناوبراو داوە کە بە کەڵک وەرگرتن لە حوکمی حکوومەتی نەک یاسا، ئامانجەکانی خۆی لە ناوچە کوردنشینەکاندا پەیڕەو بکات.

News Code 221227

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha