تورکیا دەستی هەبوو لە هێرش کردن بۆسەر بەندیخانەی حەسەکە/ نیازی داعش ئازاد کردنی 5 هەزار زیندانی بوو

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا دەڵێت: ئامانجی داعش لە هێرش کردنە سەر بەندیخانەکەی حەسەکە ئازاد کردنی پێنج هەزار بەندکراوی ئەو گرووپە بوو و گەڕاندنەوەی خەلافەت بوو بۆ ناوچەکە.

کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دوایەمین ڕەوشی بەندیخانەی حەسەکە کە شوێنی ڕاگرتنی زیندانیانی داعشە و ڕایگەیاند: کوردستانی سووریا ناوچەیێکی گەمارۆدراوە و دوژمنانی کورد دەیانەوێت لە ڕێگەی داعشەوە ئاسایشی ناوچەکە تێک بدەن.

ناوبراو درێژەی دا: لە هێرشەکەی ئەم دواییەی شانە نووستووەکانی داعش بۆسەر بەندیخانەی حەسەکە هەم تورکیا دەستی هەبوو هەم گرووپەکانی سەربە حکوومەتی سووریا؛ بە تێکشکاندنی بەندیخانەی حەسەکە دەیانویست 5 هەزار زیندانیی مەترسیداری داعش لە ناوچەکەدا بڵاو بکەنەوە.

کۆفان کەنعۆ وتیشی ئەم هێرشە بۆسەر بەندیخانەی حەسەکە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردستانی سووریا گەمارۆی خراوەتە سەر و تیرۆریزمی ئابووری لە دژی ئەم ناوچە دەستی پێکردووە و دەیانەوێت چۆک بەم میللەتە دابدەن.

ناوبراو وتیشی: لە هێرشەکەی ئەم دواییەدا هێرەکانی ئاسایش و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە ئیرادەیێکی کەم وێنەوە تیرۆریستانیان تێکشکاند و ئەو زیندانیانەی کە هەڵاتبوون گەڕێندرانەوە ناو بەندیخانە.

کۆفان کەنعۆ ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا ژمارەیێک لە چکدارانی تفەنگ بە دەستی داعش لە گەڕەکەکانی دەوروبەری بەندیخانەکەدا خۆیان حەشار داوە و هێزە ئەمنییەکان خەریکی دۆزینەوەی شوێنەکەیانن. ئامانجی داعشەکان ئازاد کردنی 5 هەزار زیندانی و گەڕاندنەوەی خەلافەت بوو.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا وتیشی: گەلی ئێمە لە کوردستانی سووریا دەبێت وشیار بن و ئەو کەسە نەناسراوەنە دێنە ناوچەکە چاودێری بکرێن و هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش بکەن.

News Code 4834

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha