بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عهلی فالح زهیدی له پهیامێکدا به زمانی کوردی له ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سهر شهنگال، رایگهیاند: "لە ساڵیادی ئەو ژینۆسایدەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دژی گەلی ئێزیدیمان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی گەلەکەمان ئەنجامیدا، یەکێک لە قێزەونترین ئەو تاوانانە وەبیر دەهێنینەوە کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند".
ئاماژهی بهوهشکرد: "دووپاتی دەکەینەوە کە وەفا بۆ قوربانییەکان بە بەدیهێنانی دادپەروەری و ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوان و چاودێریکردنی ژنانی ڕزگاربوو و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانە و ئارام و پڕشکۆ بۆ ئاوارەکان دەبێت".
سهرۆک وهزیرانی عێراق له راگهیهندراوهکهدا دهڵێت: "ئەم یادە ئازاربەخشە هاوکاتە لەگەڵ یادی چلەی ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لێ بێت) و ئەو بەهایانەی کە هەڵیانگرتوە لە ڕوبەڕوبونەوەی ستەم و سەرخستنی حەق و ئاشتی، هەروەها قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکانمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و بە پاڵپشتی برایان و دۆستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەدیهێنانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا بەبیر دەهێنینەوە".
زەیدی ئهوهشی خستهڕوو: "جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە دەوڵەت وەک زامنی مافەکانی هەمو ڕۆڵەکانی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سەروەری عێراق و هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی و هەنگاونان بۆ چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەپێدان و دادپەروەری، بە شێوازێک کە شکۆی هەموو عێراقییەکان بپارێزێت و ڕێگر بێت لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم شێوەیە لە داهاتوودا".
هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال لە ۳ی ئابی ۲۰۱۴دا ڕوویدا و بووەهۆی کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی بە دەستی رێکخراوی داعش ئەو پەلامارە وەکوو یەکێک لە دڕندەترین کارەساتە مرۆییەکانی سەدەی ۲۱ دەناسرێت کە تێیدا هەزاران مرۆڤی بێتاوان بوونە قوربانی.
Your Comment