مەسروور بارزانی داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حزبە سیاسییەکان دەکات پەلە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت بکەن. دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ لایەنێک، بۆیە نابێت بەبێ بیانوو بکرێتە ئامانج".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا پرۆژەی ئاوی باڵندا - بارزانی پەیامێکی ئاراستەی پارتە سیاسییەکان کرد بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.

لە بەشێکی قسەکانیدا، مەسروور بارزانی باسی لە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و هیوای خواست هەرێمی کوردستان بەشێک نەبێت لەو شەڕانە. جەختیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ لایەنێک، بۆیە نابێت بەبێ بیانوو بکرێتە ئامانج.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەکات. داواشی کرد بەغدا بەبێ جیاوازی دەستوور جێبەجێ بکات و مافەکانی خەڵکی کوردستان بدات، بۆ ئەوەی وڵات بەرەو ئارامیی زیاتر هەنگاو بنێت.

لەبارەی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵکاران لە عێراق، مەسروور بارزانی گوتی "ئەم هەڵمەتەی جەنابی سەرۆكوەزیران لەم دواییانە بۆ بنبڕكردن و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستی پێکردووە، دەستخۆشی لێ دەكەین و حكوومەتی هەرێم بەشێكی سەرەكی بووە لە پشتیوانیكردن و پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی سەرۆكوەزیران بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە قورسە و هیوادارم تێیدا سەركەوتوو بێت".

مەسروور بارزانی دڵگرانیی خۆی لە کارانەکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکوومەتی نوێ نیشان دا. سەرۆکوەزیران داوای لە حزبەکان کرد رێز لە خواستی خەڵک بگرن و بە زووترین کات بچنە پەرلەمان.  دووپاتیشی کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان رێزی لە دەنگی خەڵک گرتووە و ئامادەیە، بۆیە داوای کرد لایەنەکانی دیکەش بەرژەوەندیی گشتی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی کەسییەوە و رێگە نەدەن پەرلەمان ببێتە بارمتە.

News ID 227593

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha