بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێکهێنانی لیژنەی «تەبایی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی» لە پەرلەمانی تورکیا لە هاوینی ٢٠٢٥دا، لە لایەن زۆر کەسەوە وەک یەکەم هەنگاوی فەرمی بۆ بەشداریکردنی کۆمەڵگە لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەیر دەکرا. چاوەڕوان دەکرا ئەم لیژنەیە بە ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گفتوگۆ، بەشداریپێکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و داڕشتنی چاکسازیی یاسایی، پرۆسەی ئاشتی لە دانوستانە پشت پەردەکانەوە بگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی ڕوون و دیموکراتیک. بەڵام هەڵسەنگاندنی نوێی دوو توێژەری قوتابخانەی ئابووریی لەندەن نیشانی دەدات کە ئەم دامەزراوەیە نەک هەر نەیتوانیوە بگاتە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی خۆی، بەڵکوو بەهۆی ڕوانگەی ئەمنییەوە، بەشداریی سنووردار و بێباکی بەرامبەر بە دادپەروەریی ڕاگوزەر، بووەتە دەرفەتێکی لەدەستچوو بۆ پێشخستنی ئاشتییەکی بەردەوام.
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە و دوای پێشنیازی چاوەڕواننەکراوی دەوڵەت باخچەلی، ڕێبەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستی پێکرد. ئەم دانوستانانە لە سەرەتاوە لە نێوان دوو دیدگای جیاوازدا بوو؛ دەوڵەتی تورکیا ئەم پرۆسەیەی بە دروشمی «تورکیایەکی بێ تیرۆر» پێناسە دەکرد و لە پێشینەی کارەکانی خۆی خستبووە سەر چەکداماڵین و کۆتاییهێنان بە چالاکییە سەربازییەکانی پەکەکە. لە بەرامبەردا، پەکەکە بە هێنانەکایەی چەمکی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» پێی وابوو کۆتاییهێنان بە ململانێکان تەنها لە ڕێگەی چاکسازیی سیاسی، فراوانکردنی مافەکان و نەهێشتنی جیاکارییە مێژووییەکان دژی کورد فەراهەم دەبێت.
لە بەردەوامیی ئەم پرۆسەیەدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە شوباتی ٢٠٢٥دا داوای لە ئەندامانی پارتەکەی کرد کە چەکەکانیان دابنێن. ئەم ڕێکخراوەش لە ئایاری هەمان ساڵدا هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و چەند مانگێک دواتر، لە ڕێوڕەسمێکی هێماییدا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کۆمەڵێک لە ئەندامانی چەکەکانی خۆیان سووتاند؛ ڕووداوێک کە وەک یەکێک لە هێماکانی دەستپێکی قۆناغی نوێی پرۆسەی ئاشتی ناسرا.
لە کەشێکی ئاوادا، پەرلەمانی تورکیا لە ئابی ٢٠٢٥دا لیژنەی «تەبایی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی» پێکهێنا. ئامانجی ئەم لیژنەیە بەدواداچوون بۆ چاکسازیی یاسایی، بەهێزکردنی ئازادییەکان، سەروەریی یاسا و زیادکردنی تەبایی کۆمەڵایەتی ڕاگەیەندرا. سەرەڕای ئەمەش، نووسەرانی وتارەکە پێیان وایە لە سەرەتاوە دیار نەبوو کە ئەم لیژنەیە چ دەسەڵاتێکی هەیە، چۆن بڕیار دەدات و تا چ ڕادەیەک دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەت دابنێت.
ئەم لیژنەیە دوای سازکردنی ٢١ کۆبوونەوە و بیستنی دیدگای ١٣٧ کەس، تەنها دوای شەش مانگ کۆتایی بە کارەکانی هێنا. ڕاپۆرتی کۆتایییەکەی زیاتر لەسەر پرسی چەکداماڵین، گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ ناو کۆمەڵگە و پێشکەشکردنی گەرەنتیی یاسایی بۆ پێشخستنی دانوستانەکان چڕ ببووەوە. ئەگەرچی لە بەشگەلێکدا ئاماژە بە چاکسازیکردن لە یاساکانی دژە تیرۆر، باشترکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان و گۆڕانکاری لە سیستەمی سزاداندا کرابوو، بەڵام داواکارییە بنەڕەتییەکانی پێوەست بە دیموکراتیکردنی پێکهاتەی سیاسی، مافە کلتوورییەکان و خوێندن بە زمانی دایک تا ڕادەیەکی زۆر خرانە پەراوێزەوە.
بە بڕوای نووسەران، بەکارهێنانی بەردەوامی چەمکی «تورکیایەکی بێ تیرۆر» لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا نیشانی دەدات کە دەوڵەت هێشتا پرسی کورد زیاتر لەوەی وەک پرسێکی سیاسی و یاسایی ببینێت، لە ڕوانگەیەکی ئەمنییەوە بەڕێوەی دەبات. هەروەها جەختکردنەوە لەسەر «پرۆسەیەکی خۆماڵی و نیشتمانی» و دژایەتیکردنی هەر جۆرە نێوەندگیرییەکی دەرەکی، لە ڕوانگەی ئەوانەوە نەک نیشانەی سەربەخۆیی پرۆسەی ئاشتی نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ هێشتنەوەی کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەت بەسەر دانوستانەکان و سنووردارکردنی چاودێریی گشتی.
یەکێکی تر لە تەوەرەکانی ڕەخنە، شێوازی بەشداریکردنی کۆمەڵگەی مەدنییە لە چالاکییەکانی لیژنەکەدا. ئەگەرچی بنەماڵەی هێزە سەربازییەکان، بزووتنەوەی «دایکانی شەممە» و «دایکانی ئاشتی» بۆ کۆبوونەوەکان بانگهێشت کرابوون، بەڵام پێوەری هەڵبژاردنی بانگهێشتکراوان هەرگیز ڕوون نەبوو و زۆرێک لە گرووپە مەدەنییەکان لە بەشداریکردن بێبەش کران. یەکێک لە نموونە بەرچاوەکان کە لە وتارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ڕێگریکردن بوو لە قسەکردنی نەزاهەت تەکە، لە ئەندامانی «دایکانی ئاشتی»، بە زمانی کوردی لە کۆبوونەوەی لیژنەکەدا؛ هەنگاوێک کە لە ڕوانگەی نووسەرانەوە نیشاندەری بەردەوامیی جیاکارییە دژی زمان و ناسنامەی کوردی، تەنانەت لەو میکانیزمەشدا کە بڕیار بوو زەمینەی ئاشتەوایی نیشتمانی دابین بکات. هەروەها هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی هەندێک لە کەمینە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆبوونەوەکان بانگهێشت نەکران، سەرەڕای ئەوەی هەندێک پارتی سیاسی داوای ئامادەبوونی ئەوانیان کردبوو.
نووسەران بە هەمان شێوە پێیان وایە کە پرسی یەکسانیی جێندەری لە پێکهاتە و کارکردنی لیژنەکەدا تا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێ خراوە. لە کۆی ٥١ ئەندامی لیژنەکە تەنها ٩ کەسیان ژن بوون، و ئەگەرچی هەندێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە بوون، بەڵام ڕاپۆرتی کۆتایی هیچ ئاماژەیەکی بە ڕۆڵی ژنان لە دروستکردنی ئاشتیدا نەکردووە و باسی لە دەرهاویشتە جێندەرییەکانی ململانێکان یان پێویستیی بەشداریی یەکسانی ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا نەکردووە.
لە ڕوانگەی نووسەرانەوە، گرنگترین بۆشایی ڕاپۆرتی کۆتایی پێوەستە بە پرسی دادپەروەریی ڕاگوزەرەوە. بنەماڵەی قوربانیانی بێسەروشوێنکراوانی زۆرەملێ، بە تایبەت بزووتنەوەی «دایکانی شەممە»، لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکەدا داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان، دادگاییکردنی بکەرانی ئەم دۆسیانە و پێکهێنانی لیژنەی ڕاستی دۆزینەوەیان کردبوو. سەرەڕای دەنگدانەوەی بەربڵاوی ئەم داواکارییانە، ڕاپۆرتی کۆتایی هیچ ئاماژەیەکی بە میکانیزمەکانی ڕاستی دۆزینەوە، لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ یان دادپەروەریی ڕاگوزەر نەکردووە؛ لە کاتێکدا ئەزموونی زۆرێک لە وڵاتان نیشانی داوە کە بەبێ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و وەڵامدانەوە بەرامبەر بە ڕابردوو، گەیشتن بە ئاشتەوایی نیشتمانیی بەردەوام کارێکی دژوار دەبێت.
لە بەشی کۆتاییی وتارەکەدا، نووسەران جەخت دەکەنەوە کە کارکردنی ئەم لیژنەیە زیاتر لەوەی بەشداریی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە لە پرۆسەی ئاشتیدا بەهێز بکات، بووەتە شوێنێک بۆ بیستنی داواکارییەکان بەبێ هەبوونی هیچ گەرەنتییەک بۆ جێبەجێکردنیان. بە بڕوای ئەوان، لە بارودۆخێکدا کە کەشی سیاسیی تورکیا بە سنووردارکردنی چالاکیی ئۆپۆزسیۆن، گوشار لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی و چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی حکوومەتدا تێدەپەڕێت، ناتوانرێت چاوەڕوان بکرێت پرۆسەی ئاشتی تەنها لە ڕێگەی میکانیزمە فەرمییەکانی پەرلەمانەوە ببێتە هۆی دیموکراتیکردنی وڵات.
ئێستا دەوڵەتی تورکیا لە لێواری پێشکەشکردنی یاسای نوێی پرۆسەی ئاشتیدایە بە پەرلەمان؛ یاسایەک کە بارودۆخی هەزاران ئەندامی پێشووی پەکەکە، زیندانیانی دۆسییە پێوەندیدارەکان و ئاوارەکان دیاری دەکات. سەرەڕای ئەمەش، نووسەران هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئەم یاسایەش تەنها جەخت لەسەر چەکداماڵین بکاتەوە و چاکسازیی سیاسی، مافی هاوڵاتیبوون و بەشداریی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتگوێ بخات، پرۆسەی ئێستاش هاوشێوەی ئەزموونەکانی ڕابردوو، لە گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و سەرچاوەگرتوو لە دیموکراسی بێبەش دەبێت.
Your Comment