بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆرەکتیڤ پێی وایە کورد لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دوو جۆر گێڕانەوەی جیاواز بووەتەوە؛ لە لایەکەوە دەوڵەتانی وەک تورکیا، عێراق و سووریا لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە نکۆڵیکردن، سەرکوتکردن یان سنووردارکردنی ناسنامەی کوردی هەوڵیان داوە ئەم ناسنامەیە بخەنە پەراوێزەوە، لە لایەکی تریشەوە، بەشێک لە میدیا و ناوەندە سیاسییەکانی ڕۆژاوا بە ڕوانگەیەکی ڕۆمانسییەوە، کوردیان وەک گەلێکی یەکدەست، عەلمانی، دیموکرات، هاوپەیمانی ڕۆژاوا یان تەنها وەک قوربانی ناساندووە. بە نووسینی ئەم گۆڤاریە، هەردوو گێڕانەوەکە بەشێک لە ڕاستییەکان پشتگوێ دەخەن، چونکە کۆمەڵگەی کورد لە فرەچەشنییەکی بەربڵاو پێکهاتووە و ناکرێت لە چوارچێوەی وێنەیەکی تاقانەدا کورت بکرێتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە جەخت دەکاتەوە کە ئەزموونی کوردبوون لە هەر بەشێکی ناوچە کوردنشینەکاندا جیاوازە. کوردی تورکیا یادەوەریی بەکۆمەڵی خۆیان لە چەندین دەیە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامە، تواندنەوەی زۆرەملێ و ململانێی نێوان دەوڵەت و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تاقیکردووەتەوە. لە عێراقدا، ئەزموونی کۆمەڵکوژیی ئەنفال، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێبڕکێ ناوخۆییەکانی پارتەکان و ناکۆکی لەگەڵ بەغدا، ناسنامەیەکی سیاسیی جیاوازی خوڵقاندووە. کوردی سووریا ساڵانێک لە مافی هاوڵاتیبوون بێبەش بوون و دواتر ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان تاقیکردەوە، کوردی ئێرانیش ڕووداوەکانی وەک ئەزموونی سیاسیی کۆماری مەهاباد و پێشهاتە سیاسییە جیاوازەکانی تریان لە یادەوەریی مێژوویی خۆیاندا پاراستووە. هەر بۆیە، کۆرەکتیڤ دەنووسێت هەر کاتێک پرسیاری ئەوە دەکرێت کە "کورد چی دەوێت؟" پێش هەموو شتێک دەبێت ڕوون بکرێتەوە مەبەست لە "کورد" کام بەش لەم کۆمەڵگە فرەڕەهەندەیە.
بەپێی ئەم گۆڤارە، زمان یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم جیاوازییانە. کوردی تەنها یەک زمانی تاقانە نییە، بەڵکوو شێوەزار و زاراوەی جیاوازی وەک کرمانجی، سۆرانی، زازاکی و هەورامی لەخۆدەگرێت کە لە هەندێک حاڵەتدا بە ئەلفوبێی جیاواز دەنووسرێن و هەمیشە بۆ ئاخێوەرانی یەکتری بە تەواوی لێکتێگەیشتوو نین. ئەم جیاوازییە زمانییانە کاریگەرییان لەسەر ئەدەبیات، میدیا، کایەی گشتی و تەنانەت چۆنیەتیی پێکهاتنی یادەوەریی بەکۆمەڵی کورد داناوە. لەم ڕوانگەیەوە، کۆرەکتیڤ هەندێک دروشمی ناسراو کە هەوڵ دەدەن کورد وەک یەکەیەکی هاوشێوە نیشان بدەن، زیاتر بە ڕەنگدانەوەی ئاواتخوازیی سیاسی دەزانێت تاوەکوو پێناسەیەک بۆ ڕاستی کۆمەڵایەتی.
کۆرەکتیڤ هەروەها جەخت لەسەر فرەچەشنیی ئاینیی کۆمەڵگەی کورد دەکاتەوە و ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە کورد تەنها موسڵمانی سوننە نین، بەڵکوو ئێزدی، عەلەوی، یارسان، کوردی شیعە، مەسیحی و گرووپە عەلمانییەکانیش بەشێکن لەم کۆمەڵگەیە. بە بڕوای ئەم گۆڤاریە، دوای کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەسەر دەستی داعش، بەشێک لەم کۆمەڵگەیە زیاتر لە ڕابردوو جەختیان لەسەر ناسنامەی سەربەخۆی خۆیان کردووەتەوە. هەندێک لە ئێزدییەکان خۆیان بە کورد دەزانن و هەندێکی تریش ناسنامەی ئێزدی بە سەربەخۆ لە ناسنامەی کوردی پێناسە دەکەن، کە پێویستە ڕێز لە هەردوو دیدگاکە بگیرێت.
لە بەشێکی تری ئەم وتارەدا، تیشک خراوەتە سەر ئەو وێنەیەی کە میدیاکانی ڕۆژاوا لە ژنانی کورد پاش شەڕی دژی داعش کێشاویانە. کۆرەکتیڤ دەنووسێت کە ئامادەبوونی ژنانی چەکدار لە باکووری سووریا، وێنەیەکی ئیلهامبەخشی لە ژنانی کورد لەسەر ئاستی جیهان دروست کرد، بەڵام گشتاندنی ئەم وێنەیە بۆ هەموو ژنانی کورد، پشتگوێخستنی ڕاستییە هەمەجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردییە. ژنانی کورد لە هەولێر، هەڵەبجە، وان، قامیشلۆ یان شارەکانی ئەورووپا، خاوەنی ئەزموونی کۆمەڵایەتی و سیاسیی جیاوازن و زۆرێکیان هێشتا لە ململانێدان لەگەڵ پێکهاتە باوک سالارییەکاندا.
ئەم گۆڤاریە کێبڕکێ سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردیش بە یەکێکی تر لە نیشانەکانی فرەچەشنیی ئەم کۆمەڵگەیە دەزانێت. بە نووسینی کۆرەکتیڤ، ناکۆکیی مێژوویی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنها کێبڕکێیەکی هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو ڕەگی لە جیاوازییە مێژوویی، ناوچەیی، ئابووری و بنەماڵەییەکاندا هەیە. بەردەوامیی چەقبەستوویی سیاسی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤دا نیشان دەدات کە ناسنامەی هاوبەشی کوردی، مەرج نییە بە واتای یەکێتیی سیاسی بێت. هەمان بارودۆخ بۆ ناکۆکیی دیدگای ڕەوتە جیاوازەکانی کورد بەرامبەر بە ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش ڕاستە.
کۆرەکتیڤ لە درێژەدا ئاماژە بە گواستنەوەی ئەم کێبڕکێیانە بۆ ناو کۆمەڵگە کۆچبەرەکان دەکات و سازکردنی جیاوازی ئاهەنگەکانی نەورۆزی ٢٠٢٦ لە شارەکانی بۆن و فرانکفۆرتی ئەڵمانیا وەک نموونەیەکی ڕەنگدانەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی کورد لە ئەورووپا دەهێنێتەوە. ئەم گۆڤاریە دەنووسێت تەنانەت هێماکانی وەک ئاڵای هەرێمی کوردستانیش لە لایەن سەرجەم ڕەوتە سیاسییە کوردییەکانەوە وەک هێمایەکی هاوبەشی هەموو کوردان قبووڵ نەکراوە.
ئەم وتارە هەروەها باسی لەو گفتوگۆیانە کردووە کە لە دەوری ناسنامەی «دینیس ئۆنداو»، یاریزانی تۆپی پێی ئەڵمانی خاوەن ڕەچەڵەکی کوردی و ئێزدی دروست بوون. لە ڕوانگەی کۆرەکتیڤەوە، پەرچەکردارە جیاوازەکان بەرامبەر بە ناسنامەی ئەو نیشانی دەدەن کە بەشێک لە مشتومڕەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کورد، نەک لەسەر بنەمای ناسنامەی کوردی، بەڵکوو لەسەر چۆنیەتیی پێناسەکردن و قبووڵکردنی ناسنامە ناوخۆییەکانی ناو ئەم کۆمەڵگەیەیە. بە بڕوای ئەم گۆڤاریە، کەسێک دەتوانێت لە یەک کاتدا ئەڵمانی، کورد و ئێزدی بێت و نابێت ئەم فرەناسییە وەک دژایەتییەک تەماشا بکرێت.
کۆرەکتیڤ لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە کورد سەرەڕای هەبوونی یادەوەرییەکی مێژوویی هاوبەش و ئەزموونی درێژخایەنی جیاکاری و سەرکوتکردن، خاوەنی زمان، باوەڕی ئاینی، ئەزموونی سیاسی و ڕوانگەی جیاوازن. لە ڕوانگەی ئەم گۆڤاریەوە، ناسینی واقیعبینانەی کۆمەڵگەی کورد پێویستی بە دوورکەوتنەوە هەیە هەم لە گێڕانەوە نکۆڵیکەرەکان و هەم لە وێنە فەنتازی و ئاواتخوازەکان. بە بڕوای کۆرەکتیڤ، داهاتووی کۆمەڵگە و سیاسەتی کوردی نەک لە هاوشێوەکردنی زۆرەملێ، بەڵکوو لە قبووڵکردن و بەرزڕاگرتنی فرەچەشنیی ناوخۆیی ئەم کۆمەڵگەیە و گۆڕینی بۆ بنەمایەک بۆ پێکەوەژیانی دیموکراتیکدا کورت دەبێتەوە.
Your Comment