بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرحان حاجی عیسا، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کۆبانی، بە ڕەخنەگرتن لە هەوڵەکانی حکوومەتی کاتیی سووریا بۆ گۆڕین یان عەرەبکردنی ناوی ئەم شارە، ئەم هەنگاوەی بە بەردەوامیی سیاسەتەکانی حکوومەتی بەعس ناوبرد. ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر پێگە مێژوویی و جیهانییەکەی کۆبانی، داوای فەرمی ناسینی مافەکانی گەلی کوردی لە دەستووری نوێی سووریادا کرد و ڕایگەیاند: «کۆبانی بە کۆبانی دەمێنێتەوە.»
فەرحان حاجی عیسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار، سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتی کاتیی سووریا بۆ گۆڕین یان عەرەبکردنی ناوی شاری کۆبانی ڕایگەیاند: «کۆبانی هێمایەکی مێژوویی و مرۆییە و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە دەستدرێژی بکاتە سەر ناسنامە و ناوی ئەم شارە.» ناوبراو بە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە هەنگاوێک بۆ گۆڕینی ناوی کۆبانی، داوای لە حکوومەتی کاتیی سووریا کرد کە سیاسەتەکانی عەرەبکردنی بەجێماوی حکوومەتی بەعس وەلا بنێت.
ناوبراو بە ئاماژەکردن بە پێگە مێژوویی و سیمبولییەکەی ئەم شارە گوتی: «ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسسازداین بۆ داهاتووی گەلی خۆمان. کۆبانی ناوێکە کە بووەتە هێمایەکی جیهانی و خەڵک بە بیستنی، هەست بە شانازی و ئومێد دەکەن.»
هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کۆبانی زانیاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی: «کۆبانی بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە بیرهێنەرەوەی ئازار و شادییەکانە و لەسەر ئاستی جیهانیش وەک هێمای بەرخۆدان دەناسرێت. هەرچەندە کۆبانی لە ڕووی جوگرافییەوە ناوچەیەکی بچووکە، بەڵام بووەتە نموونەیەکی جیهانی لە ڕاوەستان و خۆڕاگری.»
فەرحان حاجی عیسا بە بیرهێنانەوەی سیاسەتەکانی عەرەبکردنی حکوومەتی بەعس، ڕایگەیاند کە ئەو حکوومەتە لە ڕابردوودا ناوی زۆرێک لە شار و گوندە کوردنشینەکانی گۆڕی و ناوی عەرەبی بەسەردا سەپاندن. ناوبراو بە ئاماژەکردن بە نموونەکانی ئەم گۆڕانکارییانە، گوتی لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا، زۆرێک لە ناوە ڕەسەنەکانی ناوچە کوردنشینەکان لە نەخشە فەرمییەکانی سووریا سڕدرانەوە و ناوی عەرەبی خرایە شوێنیان.
هەروەها ڕەخنەی لە ڕوانگەی حکوومەتی کاتیی سووریا گرت بەرامبەر بە ناوی کۆبانی و گوتی: «جێگەی شەرمەزارییە کە حکوومەتی کاتیی سووریا هەمان بیرکردنەوە و عەقڵییەتی حکوومەتی بەعس پێڕەو بکات. لە ساڵانی ڕابردوودا دڕندانەترین تاوان دژی کۆبانی ئەنجام درا و هەوڵ درا خەڵکی ئەم ناوچەیە لە خاکی خۆیان بێبەش بکرێن و کلتوور، میرات و بەهاکانیان لەناو ببرێن.»
فەرحان حاجی عیسا داوای لە حکوومەتی کاتیی سووریا کرد کە وێڕای داوای لێبوردن لە گەلی کورد، مافەکانیان لە دەستووری نوێی سووریادا بە فەرمی بناسێت و کۆتایی بە سەرجەم پێشێلکارییەکان دژی ئەم کۆمەڵگەیە بهێنێت.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە دانپێدانانی فەرمی بە مافەکانی کورد دەبێت لە ڕێزگرتن لە ناوەکان و ناسنامە مێژووییەکانەوە دەست پێبکات و گوتی: «دەبێت گەلی کورد وەک یەکێک لە پێکهاتە ڕەسەنەکانی سووریا بە فەرمی بناسرێت. کەسایەتییەکانی وەک ئیبراهیم هەنانو تا مامۆستا عوسمان دادلی، بۆ یەکسانی و پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا خەباتیان کردووە و باجێکی قورسیان داوە.»
هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کۆبانی ڕوونیشی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سەرجەم دانیشتووانی ئەم شارە پێداگرن لەسەر پاراستنی ناوی کۆبانی و هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لەم ناوەدا بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە.
ناوبراو گوتیشی: «ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی هەوڵی دا ناوی کۆبانی بگۆڕێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. حکوومەتی بەعسیش هەمان سیاسەتی گرتەبەر، بەڵام ناکام مایەوە. کۆبانی هەر بە کۆبانی دەمێنێتەوە.»
فەرحان حاجی عیسا بە ئاماژەکردن بە پێگەی جیهانیی ئەم شارە، ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە کۆبانی بووەتە هێمایەک بۆ هەموو جیهان، هەر بەم هۆیەشەوە یەکی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ وەک «ڕۆژی جیهانیی بەرخۆدانی کۆبانی» ڕاگەیەندرا.
لە کۆتاییدا ڕووی دەمی کردە حکوومەتی کاتیی سووریا و گوتی: «درێژە بە عەقڵییەتی هەرەسیهێناوی بەعس مەدەن. هیچ کەسێک مافی نییە ناوی کۆبانی بگۆڕێت. ئێمە هیوادارین هەمووان بگەنە ئەو باوەڕەی کە ناوی کۆبانی وەک چۆن بووە هەر ئاواش دەمێنێتەوە، و گەلی کورد بە بڕیاردەری و پێداگرییەوە خەبات بۆ پاراستنی ئەم ناوە دەکات.»
Your Comment