بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێککەوتنی یەک ساڵەی بەغدا و ئەنقەرە بۆ درێژکردنەوەی چالاکییەکانی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، ئەگەرچی ڕێگریی لە دروستبوونی قەیرانێکی خێرا لە هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا کردووە، بەڵام هێشتا هیچ کام لە گرێکوێرە سەرەکییەکانی دۆسیەی نەوتی لە نێوان بەغدا، هەولێر و ئەنقەرەدا نەکردووەتەوە. ڕاپۆرتی نوێی پێگەی ئۆیڵ پرایس لەژێر ناونیشانی «شا دەماری نەوتیی عێراق ڕزگار کرا، بەڵام تا کەی؟» ئەم ڕێککەوتنە نەکوەک چارەسەرێکی بەردەوام، بەڵکو وەک دەرفەتێکی کاتی بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان دەبینێت؛ گفتوگۆگەلێک کە چارەنووسیان نەک تەنها داهاتووی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو پێگەی جیۆپۆلەتیکی عێراقیش دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
لە ڕاپۆرتی ئۆیڵ پرایسدا هاتووە: ڕێککەوتنە نوێیەکە دەرفەتی بەردەوامبوونی هەناردەکردنی ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەڕەخسێنێت؛ ڕێڕەوێک کە دوای سنوورداربوونی هەناردەکردن لە کەنداوی عەرەبییەوە، گرنگییەکەی بۆ ئابووریی عێراق دوو هێندە بووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕێککەوتنە تەنها بۆ ماوەی یەک ساڵ کاری پێدەکرێت و ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی نێوان لایەنەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.
نووسەری ڕاپۆرتەکە پێی وایە ئەنقەرە ئێستا لە پێگەیەکدایە کە دەتوانێت دەستکەوت و ئیمتیازی زیاتر لە بەغدا داوا بکات. لە ڕوانگەی ئەو، تورکیا بەدوای زیادکردنی تێچووی گواستنەوەی نەوت، گەرەنتی کردنی قەبارەیەکی دیاریکراو لە هەناردەی ڕۆژانە لە ڕێگەی جەیهانەوە، قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە لێی کەوتووە، و هەروەها بەشداریکردنی بەرفراوانتر لە پڕۆژەکانی وزەی عێراقدا دەگەڕێت. ئەگەرچی ئەم بانگەشە و بۆچوونانە لەسەر بنەمای زانیاریی سەرچاوە نەناسراوەکان خراونەتە ڕوو و تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام بە سەرنجدان بە زیادبوونی گرنگیی ڕێڕەوی جەیهان بۆ عێراق، دوور لە ڕاستیشەوە نابینرێن.
ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی تردا دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگی مێژوویی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر. بە بڕوای نووسەر، دژایەتی حکومەتی ناوەندیی عێراق بۆ هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەنها بەهۆی ناکۆکی لەسەر داهاتە نەوتییەکان نەبووە، بەڵکو بەغدا لە سەرەتاوە نیگەران بوو لەوەی کە سەربەخۆیی دارایی هەرێم ببێتە زەمینەخۆشکەر بۆ سەربەخۆیی سیاسییەکەی. لەم ڕوانگەیەوە، یاسای نەوت و گازی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٣، دروستکردنی میکانیزمی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی داهاتە نەوتییەکان و لە کۆتاییدا گشتپرسیی (ڕیفراندۆم) سەربەخۆیی لە ساڵی ٢٠١٧، وەک ئەڵقەکانی یەک زنجیرەی پێکەوەبەستراو سەیر دەکرێن.
ئەم شیکارییە لە ڕوانگەی مێژووییەوە دەکرێت داکۆکی لێ بکرێت، بەڵام دەربارەی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێم وێنەیەکی تەواو پێشکەش ناکات. ڕاستی دۆخەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دوای پاشەکشەی گشتپرسیی ٢٠١٧، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٣ و ئەو قەیرانە داراییەی کە لێی کەوتەوە، ناچار بووە پێداچوونەوە بە کار لە پێشینەکانی خۆیدا بکات. ئێستا حکومەتی هەرێم زیاتر لەوەی جەخت لەسەر سەربەخۆیی سیاسی بکاتەوە، بەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، مسۆگەرکردنی بەشە بودجەی خۆی لە عێراق، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی و گەشەپێدانی پیشەسازیی گازی سروشتیدا دەگەڕێت.
ئۆیڵ پرایس لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا، گۆڕانکارییەکان لە چوارچێوەی ململانێی هێزە جیهانییەکاندا شیکار دەکات و باس لە کەمبوونەوەی هەژموونی چین و ڕووسیا و گەڕانەوەی پلەبەپلەی عێراق بۆ هاوکاریی نزیکتر لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوادا دەکات. بەڵام پێویستە بە وریاییەکی زیاترەوە تەماشای ئەم هەڵسەنگاندنە بکرێت. ئەگەرچی لە مانگەکانی ڕابردوودا کۆمپانیا ڕۆژاواییەکان گرێبەستی گرنگیان لە کەرتی وزەی عێراقدا واژۆ کردووە، بەڵام هێشتا چین گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراقە و کۆمپانیا چینی و ڕووسییەکانیش وەک ئەکتەری سەرەکی و گرنگی پیشەسازیی وزەی ئەم وڵاتە دەمێننەوە. کەواتە هێشتا زووە باس لە وەرچەرخانێکی جیۆپۆلەتیکی تەواو بکرێت.
ڕەنگە گرنگترین دەرەنجام کە بتوانرێت لەم ڕاپۆرتە وەربگیرێت، پەیوەندییەکەی بێت بە سیاسەتی نوێی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە. لە بارودۆخێکدا کە ئایندەی هەناردەکردنی نەوت هێشتا لە تەمومژدایە و ڕێڕەوی جەیهانیش زیاتر لە ڕابردوو کەوتووەتە ژێر کاریگەریی هاوکێشە سیاسییەکان، هەولێر هەوڵ دەدات بازنەی هاوبەشە ئابووری و سیاسییەکانی خۆی فراوانتر بکات. زیادبوونی بەرچاوی سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی بۆ میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و قەتەر، دەکرێت لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ڕاکێشانی وەبەرهێنان، گەشەپێدانی پڕۆژە گازییەکان، فراوانکردنی هاوکارییە داراییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە یەک ڕێڕەوی هەناردەکردن یان تەنها یەک هاوبەشی دەرەکی، هێدی هێدی دەبنە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
بە گشتی، ڕاپۆرتی ئۆیڵ پرایس خاڵێکی گرنگ بە دروستی دەخاتە ڕوو: ڕێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و ئەنقەرە تەنها کاتی کڕیوە، نەک ئەوەی قەیرانەکەی چارەسەر کردبێت. تا ئەو کاتەی ناکۆکییە پێکهاتەییەکان لەسەر بەڕێوەبردنی نەوت، دابەشکردنی داهاتەکان و پێگەی هەرێمی کوردستان لە سیستمی وزەی عێراقدا چارەسەر نەکرێن، هەر ڕێککەوتنێک، زیاتر لەوەی کۆتاییهاتنی قەیرانێک بێت، دەستپێکی ژماردنی پێچەوانە دەبێت بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی داهاتوو. هەر بۆیە، جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی هەولێر لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی کەنداو، دەبێت وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئەم ناوچەیە سەیر بکرێت بۆ خۆئامادەکردن لە پێناو داهاتوویەکدا کە تێیدا تەنها پشتبەستن بە نەوت و یەک ڕێڕەوی هەناردەکردن بەشی پێداویستییە ئابووری و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات.
Your Comment