پرسی یەپەژە؛ گرێکوێرەی دانوستانەکانی هەسەدە و دیمەشق

پرسی تێکەڵبوونی هێزە کوردییەکانی سووریا بە سوپای نیشتمانیی ئەو وڵاتە، قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆز بەخۆیەوە دەبینێت. لە کاتێکدا پرۆسەی تێکەڵبوونی پێکهاتەکانی دیکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەنگاوی کرداریی ناوە، پرسی چارەنووس و پێگەی "یەکینەکانی پاراستنی ژنان" بووەتە یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان سەرکردایەتی خۆبەڕێوەبەری و حکوومەتی ناوەندیی دیمەشق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ١ی نیسانی ئەمساڵدا، شاندێکی باڵای یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) بە سەرۆکایەتی ڕۆهلات عەفرین فەرماندەی گشتی، لە شاری دیمەشق لەگەڵ مورهەف ئەبوو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا کۆ بوونەوە. ئەم کۆبوونەوەیە بە ڕوونی جیاوازیی قووڵی دیدگای هەردوو لایەنی سەبارەت بە پێکەوەژیانی سەربازیی داهاتوو دەرخست، چوونکە: دیمەشق داوا دەکات کە یەپەژە لە چوارچێوەی سەربازیی فەرمی و شەڕی بەرەیی دووربکەوێتەوە، و بخرێتە سەر "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ"؛ بەڵام  شاندی فەرماندەیی یەپەژە ئەم پێشنیارەیان بە توندی ڕەتکردووەتەوە. ئەوان جەخت لەسەر ئەزموونی درێژخایەنی خۆیان لە شەڕ و پاراستنی خاکدا دەکەنەوە و داوا دەکەن وەک هێزێکی سەربازیی فەرمی، بە پاراستنی تایبەتمەندی و پێکهاتەی سەربازیی خۆیانەوە، ببنە بەشێک لە سیستمی بەرگریی گشتیی سووریا، نەک لەناو دامەزراوەکانی دیکەدا بتوێنرێنەوە.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سەرەتاییەی لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا واژۆ کراوە، پرۆسەی یەکخستنی بەشێک لە هێزەکانی هەسەدە لەناو سوپای سووریادا دەستیپێکردووە و تا ئێستا چەند هەنگاو نراون.

بەڵام بەهۆی ئەوەی سیستمی سەربازیی سوپای سووریا ژمارەی سەربازانی هەر لیوایەک لە نێوان ١٣٠٠ بۆ ٢٠٠٠ سەربازدا دیاری دەکات، تێکەڵکردنی گشتی و تەواوەتی سەرجەم شەڕڤانانی هەسەدە پێویستی بە کاتی زیاتر و گفتوگۆی بەردەوام هەیە.

لەلایەکی دیکەوە یاسا و پێکهاتەی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبیی ئێستای سوپای سووریا، بە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم قبوڵکردنی هێزی چەکداری ژنان دادەنرێت. ئەم بابەتەش کاردانەوەی بەرفراوانی جەماوەری لە ناوچەکانی کوردستانی سووریای لێکەوتووەتەوە:

  • کەمپینی پشتیوانی: لە ٢٦ی نیسانەوە، کەمپینێکی سەرتاسەری لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بۆ پاڵپشتیکردنی داواکارییەکانی یەپەژە ڕاگەیەندراوە.
  • چالاکییە مەیدانییەکان: چەندین خۆپیشاندانی جەماوەری، سیمیناری ڕوونکردنەوەیی و چالاکی جۆراوجۆر بە بەشداریی چین و توێژە جیاوازەکان بەڕێوەچوون، بە مەبەستی فشارخستنە سەر دیمەشق بۆ قبووڵکردنی یەپەژە لەناو وەزارەتی بەرگامدا.

دەرئەنجام

دۆسیەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) تەنها بابەتێکی تەکنیکی-سەربازی نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە ناسنامەی سیاسی و دەستکەوتەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەنجامی دانوستانەکانی داهاتووی نێوان شاندە سەربازییەکان، چارەنووسی کۆتایی هەزاران شەڕڤانی ژن و شێوازی ئامادەیبوونیان لە سیستمی بەرگری داهاتووی وڵاتەکەدا یەکلایی دەکاتەوە.

News ID 227255

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha