بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پشکێنەری گشتیی پنتاگۆن لە ڕاپۆرتە سێ مانگییەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێشڕەوییە خێراکانی سوپای سووریا لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بووە هۆی ئەوەی کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لە دەستی قەسەدە دەربهێندرێت و دوای زیاتر لە دە ساڵ، سەروەریی دیمەشق بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە کۆتایی بەو هاوبەشییە درێژخایەنە هێنا کە لە ساڵی ٢٠١٥وە وەک کۆڵەکەی سەرەکیی شەڕی دژی داعش لە سووریا سەیر دەکرا.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەرەسهێنانی قەسەدە لێکەوتەی ئەمنی گەورەی لێکەوتووەتەوە؛ هاوکات لەگەڵ پاشەکشەی هێزە کوردییەکان، بەشێک لە پاسەوانانی زیندانەکانی داعش گواسترانەوە بۆ بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، ئەمەش دەرفەتی بۆ ڕاکردنی لانی کەم ١٥٠ چەکداری داعش لە گرتوخانەی "شەدادی" ڕەخساند. هەروەها لە کەمپی "هۆل"، کشانەوەی لەناکاوی هێزەکانی قەسەدە بۆشاییەکی ئەمنی گەورەی دروستکرد، بە شێوەیەک کە نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی کەمپەکە (لەوانەش خێزان و چەکدارانی سەر بە داعش) بێ چاودێرییەکی کاریگەر لە کەمپەکە چوونە دەرەوە؛ ڕووداوێک کە بەرپرسانی ئەمریکی وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە وەسفی دەکەن. بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی قەیرانەکە، واشنتن ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ گواستنەوەی ٥,٧٠٤ زیندانیی داعش لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشووی قەسەدەوە بۆ عێراق ئەنجامدا.
دوای جێگیربوونی سوپای سووریا لە ناوچە کوردییەکان، ئەمریکا ڕۆڵێکی چالاکی گێڕا لە ناوبژیوانی نێوان دیمەشق و قەسەدە، کە سەرەنجام بووە هۆی ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان هەردوولادا. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، هێزەکانی سووریای دیموکرات و دامەزراوە ئیدارییەکانی سەر بەو هێزە، بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ لەناو حکومەتی ناوەندیدا تێکەڵ دەکرێن.
لەو چوارچێوەیەدا، هێزەکانی حکومەتی سووریا چوونە ناو شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، و قەسەدەش ڕازی بوو کە کۆنترۆڵی دەروازەکان و دامەزراوە ئیدارییەکان ڕادەستی دیمەشق بکات. لە بەرانبەردا، ڕێگە بە چوار تیپی سەربازیی کوردی درا کە لە ناوچە کوردییەکاندا بمێننەوە و چالاکی بکەن، و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی قەسەدەش پۆستیان لە پێکهاتە ئیدارییە خۆجێییەکاندا پێدرا.
گرنگترین بەشی ڕاپۆرتەکە، هەڵسەنگاندنی واشنتنە بۆ داهاتووی ئەم ڕێککەوتنە. پشکێنەری گشتیی پنتاگۆن لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە دەنووسێت: "ئەم ڕێککەوتنە بۆ قەسەدە بە واتای دەستبەرداربوون بوو لە خۆبەڕێوبەری، بەڵام لە دۆخێکدا کە ئەمریکا بڕیاریدابوو هاوکارییەکانی خۆی لە کوردەوە بۆ حکومەتی نوێی سووریا بگوازێتەوە، هیچ بژاردەیەکی تری کرداری لەبەردەم سەرکردە کوردەکاندا نەمابوو".
لە لایەکی ترەوە، دیمەشق بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی کوردی چەند بەڵێنێکی داوە، وەک: پێدانی ڕەگەزنامە بەو کوردانەی ناسنامەیان نییە، پاراستنی زمان و کولتووری کوردی، و داننان بە خوێندنی زمانی کوردی لە ناوچەکانی خۆیاندا. سەرەڕای ئەمانەش، ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە چەندین پرسی هەستیار هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، وەک: چارەنووسی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)، شێوازی تێکەڵبوونی تەواوەتی قەسەدە لەناو سوپای سووریا، و سنووری دەسەڵاتەکانی ناوچە کوردییەکان.
لە کۆتاییدا، هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی سووریا لە پرۆسەی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی هێزە نوێیەکانی قەسەدەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جدی دەبێتەوە لە ڕووی فەرماندەیی و کۆنترۆڵەوە، ئەمەش دەکرێت لە داهاتوودا کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی شەڕی دژی داعش دروست بکات.
Your Comment