بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، سەبارەت بەو دیدارەی دوێنێ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامیاندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، عەبدوڵا ئۆجەلان لە دیدارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگە لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی و ئابوورییەوە لە تەنگژەیەکی گەورەدایە و بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، دیموکراسیبوون پێویستییەکی ژیانییە.
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە پڕۆسەی دیموکراسیبون ببێتە خاوەن بنەمایەکی یاسایی لەناو پەرلەماندا، چونکە بەبێ چوارچێوەیەکی یاسایی، پڕۆسەکە تەنها لە چاوەڕوانیدا دەمێنێتەوە و مەترسیی لێدەکەوێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، ئۆجەلان هۆشداری دەدات لە زیادبونی نەتەوەپەرستی و توندبونی ململانێکانی وەک ململانێی ئێران و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە پەرەپێدانی نەتەوەپەرستیی بچووک زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت.
ئۆجەلان چارەسەرکردنی پرسی کورد وەک ستراتیژێک بۆ ڕێگری لە خوێنڕشتن و جێگیرکردنی ئاشتی دەبینێت و دەڵێت: "ئەم پڕۆسەیە هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنەوە و مۆدێرنکردنی پەیوەندییەکانی کورد و تورک لەسەر بنەمایەکی دیموکراتییانە".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆجەلان ڕەخنە لە نەبوونی کولتوری دیموکراسی دەگرێت و هێرشکردنە سەر لایەنە سیاسییەکان، داوا دەکات کە کۆماری تورکیا بەرەو دەرچەیەکی دیموکراتی و یاسایی ئاراستە بکرێت و داوا لە هەمووان دەکات بەشداری لە پڕۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"دا بکەن.
لە کۆتاییەکانی ساڵی ۲۰۲۴ـەوە بە دەسپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەناو پەرلەمانی تورکیاوە، پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی لەو وڵاتە دەستپێکرد و دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەکەکە، لە ۲۷ـی (شوبات/۲)ـی ۲۰۲۵ داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە و دیموکراتی بۆ تورکیای کرد.
لە وەڵامدا پەکەکە مانگی (ئایار/۵)ـی ۲۰۲۵ـدا کۆنگرەی ۱۲ـی ئەنجامدا و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا، هەروەها لە ڕۆژی ۱۱ـی (تەمموز/۷)، وەک نیازپاکی لەلایەن گروپێکی گەریلاوە کە ژمارەیان ۳۰ کەسبو، چەکەکانیان داناو و دواتریش لە ڕێگەی ئاگرەوە سوتێنران. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژی ۲۶ی (تشرینی یەکەم/۱۰)ـی ساڵی ڕابردو پەکەکە کشانەوەی تەواوەتی لە تورکیا ڕاگەیاند.
لەنوێترین هەنگاویشدا کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی له کۆتا کۆبوونەوەیەدا ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی پەسەندکرد، ئەوەش ناڕەزایەتی کوردی لێکەوتەوە لەبەر ئەوەی ڕاپۆرتەکە پرسی کوردی خستوەتە چوارچێوەی 'تیرۆر'ـەوە و چارەسەری درێژخایەن پێویستی بە هەمواری یاسایی و جێبەجێکردنی مافی هیوایە و هیواکانی لهناوبرد.
Your Comment