بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «ئیسماعیل بقایی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە هەڵوێستی نوێی سەرۆکی ئەمریکا کە گوتبووی "دەبێت ئێران گەرووی هورمز بکاتەوە"، ڕایگەیاند: "ئێمە لە ٤٧ ساڵ لەمەوبەرەوە ماڵاواییمان لە وشەی «دەبێت» کردووە؛ ئەگەر بڕیار بووایە بەپێی «دەبێت»ی ئەم و ئەو بجووڵێینەوە، شۆڕشمان نەدەكرد. ئێمە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و مافەکانی خۆمان بڕیار دەدەین. ئەم جۆرە دەبێتانە تەنیا دەکرێت وەک «تکایە» لێکبدرێنەوە".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هێشتا بەردەوامە و نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
بقایی لە وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ڕایگەیاند: "ئەو کارە (سەپاندنی گەمارۆکە) کارێکی نایاسایی، پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربرست و دروستکردنی ئاستەنگ بوو لەبەردەم گەشتیاریی دەریایی نێودەوڵەتیدا. ئێستا دەبێت ببینین ئایا لە کردەوەدا ئەم قسەیەی خۆیان جێبەجێ دەکەن یان تەنیا بانگەشەیەکی ڕیکلامییە. ئەگەر کارێکی وا بکەن، لە ڕاستیدا تەنیا کۆتاییان بەو کارە نادروستە هێناوە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دەستیان پێکردبوو، کە لە بنەڕەتیشەوە نەدەبوو توخنی بکەون".
Your Comment