ئەگەر یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت هاوکاری نەکات بژاردەی دیکەمان دەبێت

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە چارەنووسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی دوای تێپەڕبوونی ١٨ مانگ بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردندا، چەندین زانیاریی نوێی خستە ڕوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زێباری لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕووداو ڕایگەیاند کە سەرڕای بنبەستبوونی پرۆسە سیاسییەکە، هێشتا بێئومێد نین و هەردوولا لە چوارچێوەی حکوومەتێکی کاربەڕێکەردا لە هەندێک بواری هاوبەشدا پێکەوە کار دەکەن. بەڵام هۆشداریی دا کە ئەگەر یەکێتی نەیەوێت بێتە پێشەوە و پرۆسەکە پەکبخات، پارتی چیتر ئیرادەی خەڵک بەفیڕۆ نادات و پەنا بۆ بژاردەی دیکە دەبات، لەوانەش: پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە بەپێی ئیستحقاق و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و چوون بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێزەکان.

سەبارەت بە ناڕێککەوتنیان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ، زێباری ڕوونی کردەوە کە پرسەکە تەنها وەزارەتێک نییە و پارتی هەموو جۆرە نەرمییەکی نواندووە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە بۆ ڕازیکردنی یەکێتی، پێشنیازی ئاڵوگۆڕی وەزارەتی ناوخۆی بەرامبەر وەزارەتی پێشمەرگە کردووە و تەنانەت ڕازی بوون پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی هەرێم بدەنە یەکێتی، بەڵام لایەنی بەرامبەر قبووڵی نەکردووە و بە جدی نەت هاتووەتە پێشەوە.

وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق بە ڕاشکاوی دانی بەوەدا نا کە هۆکاری سەرەکیی لاوازبوونی پێگەی کورد و نەبوونی هێزی پێشووی لە دانوستاندنەکاندا، تەنها بۆ دووبەرەکی و ناتەبایی نێوان پارتی و یەکێتی دەگەڕێتەوە. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە کێشەکانی وەک مووچە، ماددەی ١٤٠ و بودجە تەنها کاتێک چارەسەر دەبن کە نێوماڵی کوردی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی کارا یەکبخرێتەوە.

سەبارەت بە هاوپەیمانێتیی نوێی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ پێکهێنانی حکوومەت، زێباری ڕایگەیاند کە ئەوان ئازادن لە هەر هەنگاوێک، بەڵام لای پارتی پێوەر و حەکەمی سەرەکی بۆ مامەڵەکردن، تەنها قەبارەی کورسییەکانی پەرلەمان و ئەنجامی هەڵبژاردنە.

News ID 227222

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha