کورتەی هەواڵەکانی ۵ی جۆزەردانی ۱۴۰۵ی هەتاوی

کورتەی گرینگترین هەواڵەکانی ۵ی جۆزەردانی ۱۴۰۵ی هەتاوی لە ستۆدیۆی کوردپرێس پێشکەشتان دەکرێت.

تورکیا پشتگیری لە ڕێککەوتنی ئەگەری نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات

سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە تەواوی پشتیوانی لە هەر ڕێککەوتنێک دەکات کە لەگەڵ ئێراندا جێبەجێ بکرێت بۆ گەرەنتیکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، و جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ناردنی چەک لە ئەمریکاوە نییە

مەسروور بارزانی، لەبارەی رادەستکردنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بە هەرێمی کوردستان وتی: " ئەگەر ئەمریکا چەکی رادەست کردووە، بێگومان دەزانێت رادەستی کێیان کردووە، من دەتوانم بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵێم، ئێمە ئاگادار نین".

٨ کورسی بۆ ئەنەکەسە و سەربەخۆکان؛ پەیەدە هەڵبژاردنی بایکۆت کرد

پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سووریا لە پارێزگای حەسەکە و شاری کۆبانێ بەڕێوەچوو. دوای ڕاگرتنی دەنگدان لە تەواوی ناوچەکان (لە دێرکەوە تاوەکو عەفرین)، ١٤ کاندید سەرکەوتن، کە پێکهاتوون لە ٨ پەرلەمانتاری کورد و ٦ پەرلەمانتاری عەرەب. ئەمەش لە کۆی ٢١٠ کورسیی پەرلەمان.

سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا پەکخراوە

بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان وێڕای هۆشداریدان لە شکستهێنانی سیستەمی فیدراڵی و هەنگاونانی بەغدا بەرەو مەرکەزییەتی ڕەها، ڕایگەیاند کە ٥٥ ماددەی دەستووری عێراق هێشتا پەکخراون و لە کۆی ٨٧ بڕگەی ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا، تەنیا ٤ بڕگە جێبەجێ کراون.

هەڵبژاردن یان شانۆگەریی سیاسی لە ناوچە کوردنشینەکانی سوورویا؟

مێگان بۆدت، سەرۆکی پەیمانگای ئاشتیی کوردی، هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ناوچە کوردییەکانی سووریا وەک کێبڕکێیەکی ئازاد نابینێت، بەڵکوو پێی وایە ڕەنگدانەوەی ڕوانگەی گرووپێکی سنووردار لە نوخبەکانی نزیک لە حکوومەتە و بەمەش شەرعیەتی پرۆسە سیاسییەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

News ID 227221

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha