خوێندنەوەیەک بۆ بەرنامەی عەلی زەیدی؛ هەرێمی کوردستان لە پەراوێزدا

مەسعوود عەبدولخالق، شرۆڤەکاری پرسە سیاسییەکان، بە وردبوونەوە لە بەرنامە ١٣ پەڕەییەکەی «عەلی زەیدی» بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق، ئاماژە بە دووپاتنەبوونەوەی ناوی هەرێمی کوردستان و نەمانی وشەی «فیدراڵیزم» لە ئەدەبیاتی فەرمیی بەغداد دەکات. ناوبراو پێی وایە پەککەوتنی دامەزراوە ناوخۆییەکانی هەرێم، بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغداد چیتر هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی دیپلۆماسی جیدی لەبەرچاو نەگرن.

ئەم بەرنامەیە لە ١٣ پەڕە و ١٤ تەوەر پێکهاتووە و بۆ قۆناغی ئێستای عێراق زۆر گونجاوە. بە شێوەیەکی زۆر کورت:

١- هیچ هەڕەشەیەک دژی هەرێم تێدا نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا ناوی هەرێمی کوردستان زۆر کەم دووبارە بووەتەوە و تەنیا لە بڕگەکانی (٣) و (٤)ی بەشی (بنەماکانی جێبەجێکردن) هاتووە. هەروەها ئەمە یەکەمین بەرنامەی حکومەتی عێراقە کە ناوی سیستەمی فیدراڵیی تێدا ناهێنرێت؛ کە ئەمەش بەهۆی لاوازبوونی دامەزراوەکانی هەرێم و پەککەوتنیانە لەلایەن خودی هەرێمەوە.

٢- لە تەوەرەی (٢) بڕگەی (٤) دەردەکەوێت کە عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە؛ چونکە بە ئاشکرا بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنامەی ئەمنیی لەگەڵ ئەمریکا هەوڵ دەدات.

٣- لە هەمان تەوەرەی (٣)، وەک بڵێی ڕاسپاردەکانی «تام باراک» و حکومەتی ئەمریکا بەرجەستە دەکات و دیپلۆماسیی کردووەتە ناوەندی و بواری «لامەرکەزییەت»ی زۆر کەم کردووەتەوە، بەتایبەت لە بڕگەی (٧)دا.

٤- لە تەوەرەی (١) سەبارەت بە سەروەریی عێراق، دیسان هەمان ڕێبازی بڕگەکانی ٣ و ٤ی پێشووی گرتووەتە بەر، بەتایبەت لە بڕگەی (٤)دا.

٥- هیچ ناوێکی «عەرەب» و «عەروبە» (پان‌عەرەبیزم)ی تێدا نییە و تەنانەت ناوی «مەزهەب»یشی تێدا نابینرێت.

٦- هەنگاوی ئابووری و خۆشگوزەرانیی باشی تێدا جێگیر کراوە.

لە کۆتاییدا:

بەهۆی ئەوەی سەرکردەکانی هەرێم، دامەزراوەکانیان لە هەموو لایەکەوە پەک خستووە، دیپلۆماسیی هەرێم گەیشتووەتە سفر و دەستاودەستکردنی دەسەڵات تێیدا وەک بەغداد نییە؛ ئەم بەرنامەیە [عەلی زەیدی] خراپ نییە. وادیار نییە ئەو شاندە کوردییانەی چوونەتە بەغداد لەم بەرنامەیە ئاگادار بووبێتن. دەکرا ئامادەیی کورد لەم بەرنامەیەدا تۆختر بێت، بەڵام وەک بڵێی سەرکردایەتیی کورد کەمتر دەرکی بەم بابەتە کردووە. ئەگەر سەرکردایەتیی کورد بە سیاسەتەکانی خۆیدا نەچێتەوە، سەرنجی نێودەوڵەتی زیاتر لە جاران بەرەو بەغداد دەچێت.

 

مەسعوود عەبدولخالق، شرۆڤەکاری سیاسی

News ID 227124

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha