گێڕانەوەی دژبەیەکی تورکیا و حزبە کوردییەکان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە

لە کاتێکدا حکوومەتی تورکیا لە لێواری پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسایەکدایە بۆ دارشتنی چوارچێوەی یاسایی پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە، ناکۆکی نێوان ئەنقەرە و بزووتنەوەی سیاسی کورد لە پرسی کات تێپەڕیوە و ئێستا لەسەر جەوهەر و ماهیەتی ئەم یاسایە چڕبووەتەوە؛ حکوومەت وەک ئامرازێک بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکیی چەکداری دەیبینێت، بەڵام پارتی دەم (DEM) و کەجەکە (KCK) داوا دەکەن بکرێتە چوارچێوەیەک بۆ چاکسازیی دیموکراتی و چارەسەری سیاسیی پرسی کورد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا چووەتە هەستیارترین قۆناغی خۆیەوە. لە کاتێکدا حکوومەتی ئەم وڵاتە خەریکی داڕشتنی یاسایەکە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ناکۆکی نێوان ئەنقەرە و بزووتنەوەی سیاسی کورد چیتر لەسەر کاتی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە نییە، بەڵام لەسەر ئامانج و ماهیەتی یاساکەیە.

حکوومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندووە کە ئەم یاسایە بە ئامانجی خێراکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دروستکردنی پشتگیریی یاسایی بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکیی چەکداریی ئەم گرووپە دادەڕێژرێت. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەم یاسایە کاتی دەبێت، تەنها دوای پشتڕاستکردنەوەی تەواوی چەکداماڵینی پەکەکە جێبەجێ دەکرێت و لێبووردنی گشتی ناگرێتەوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەندامانی پەکەکە بەپێی پێشینە و ڕۆڵی خۆیان پۆلێن دەکرێن؛ ئەو کەسانەی بەشدارییان لە کردەوەی توندوتیژیدا نەکردووە ڕەنگە سووککردنی سزا یان لێخۆشبوونی دادوەری بیانگرێتەوە، بەڵام فەرماندە باڵاکانی ئەم گرووپە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دەرەوەی بازنەی ئەم یاسایە دەبن.

لەمبەرەوە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم) و ڕەوتە سیاسییەکانی تری کورد پێیان وایە کە ئەم یاسایە نابێت تەنها لە چەکداماڵیندا کورت بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێت وەک «یاسایەکی چوارچێوەیی» زەمینەساز بێت بۆ گواستنەوە لە ململانێی چەکدارییەوە بۆ چالاکیی سیاسی، چاکسازیی دیموکراتی، فراوانکردنی بەشداریی سیاسی و ئاشتبوونەوەی نیشتمانی. ئەم ناکۆکییە ئەوە پیشان دەدات کە حکوومەت و بزووتنەوەی کوردی تێگەیشتنی تەواو جیاوازیان بۆ چەمکی «ئاشتی» هەیە.

ناکۆکیی هەردوولا لە ئەدەبیاتی سیاسیشدا ڕوونە. حکوومەت باسی «گفتوگۆ» دەکات، بەڵام هەر جۆرە «دانوستانێک» لەگەڵ پەکەکە ڕەت دەکاتەوە. لە بەرامبەردا، پارتی دەم و کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK) جەخت دەکەنەوە کە بەبێ دانوستان لەسەر چوارچێوەی سیاسی و یاسایی قۆناغی دوای چەکداماڵین، گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام مەحاڵە.

مەحمەت ئۆچوم، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی حکوومەت لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەنها لە چوارچێوەی گفتوگۆدایە بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆریزم و نابێت وەک دانوستانی نێوان دوو لایەنی یەکسان سەیر بکرێت. بە گوتەی ئەو، ئەم پرۆسەیە بە تەواوی لە ژێر بەڕێوەبردنی حکوومەت و لە چوارچێوەی دەستووری تورکیادا بەڕێوە دەچێت.

لەمبەرەوە، پارتی دەم ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا هیچ ڕەشنووسێکی ئەم یاسایەی ڕادەست نەکراوە. عایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی دەم، هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باس لە پەسەندکردنی ئەم ڕەشنووسە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەکەن و گوتی: لە ماوەی نزیکەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردووەوە تا ئێستا نە شاندی ئیمراڵی، نە پارێزەرانی ئۆجەلان و نە ئەندامانی بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن، لەبەر ئەوەش هیچ دەرفەتێک بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم جۆرە بانگەشانە لە گۆڕێدا نییە.

کۆما جڤاکێن کوردستانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە نە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و نە ئەم ڕێکخراوە بەشدارییان لە داڕشتنی یاسای پێشنیارکراوی حکوومەتدا نەکردووە. ئەم ناوەندە هۆشدارییدا کە هەر یاسایەک بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ ئۆجەلان و بزووتنەوەی کوردی دابڕێژرێت، نابێتە ڕێککەوتنی ئاشتی، بەڵکو هه‌نگاوێکی تاکلایەنە و سەپێنراو دەبێت.

یەکێک لە گرنگترین ناکۆکییەکان هێشتا پەیوەندی بە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هەیە. هەرچەندە ڕۆڵی ئەو لە دەرکردنی بانگەوازی شوباتی ٢٠٢٥ کە بووە هۆی ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، لەلایەن هەموو لایەکەوە قبوڵکراوە، بەڵام حکوومەت تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی بە ئامادەیی خۆی بۆ فراوانکردنی ڕۆڵی ئەو لە بەردەوامیی ئەم پرۆسەیەدا نیشان نەداوە.

پارتی دەم و کەکەکە دەڵێن لە ٢٤ی ئایارەوە تا ئێستا هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلاندا ئەنجام نەدراوە و هیچ ڕەشنووسێکیش ڕادەستی ئەوان نەکراوە. ئەوان پێیان وایە بەو پێیەی دوازدەیەمین کۆنگرەی پەکەکە جێبەجێکردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی بە ڕێبەرایەتی ئۆجەلان سپاردووە، بەردەوامیی سنووردارکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەودا دەکرێت جێبەجێکردنی کرداریی پرۆسەی چەکداماڵین تووشی کێشە بکات.

ئەم پێشهاتانە لە بارودۆخێکدا ڕوودەدەن کە تورکیا هاوکات لەگەڵ میوانداریکردنی کۆبوونەوەی ناتۆ لە ئەنقەرە و فراوانکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لە بوارەکانی ئاسایش، کۆچبەری، بازرگانی و سەقامگیری ناوچەییدا، لە پێگەیەکی دیپلۆماسی بەهێزتر بەهرەمەند بووە. پێدەچێت ئەم بارودۆخە متمانەبەخۆبوونی زیاتری بە حکوومەتەکەی ئەردۆغان بەخشیبێت تا پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لەسەر بنەمای ئەولەویەتەکانی خۆی پێش بخات.

دوا بەدوای ئەمانە، هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەنقەرە ئامادە دەبێت لە چوارچێوەی تەنها ئەمنی و بەڕێوەبردنی حکوومەتیی چەکداماڵین تێپەڕێت و بچێتە ناو دانوستانە سیاسییە گشتگیرەکانەوە یاخود نا. وەڵامی ئەم پرسیارە، ئایندەی پرۆسەی ئاشتی و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام لە نێوان حکوومەتی تورکیا و بزووتنەوەی کوردیدا دیاری دەکات.

 

سەرچاوە: گۆڤاری ئامارجی

News ID 227515

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha