بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی توێژینەوەی کوردی لە ئەڵمانیا لە شیکارییەکدا پەیام و دەرهاوێشتەکانی دوو تەقینەوەکەی دیمەشقی هاوکات لەگەڵ سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لێکداوەتەوە و پێیوایە کاتی ئەنجامدانی ئەم هێرشانە نیشانی دەدات ئامانجی سەرەکیی ئەنجامدەرانی، ناردنی پەیامێکی سیاسی و ئەمنی بووە بۆ حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی.
ئەم تەقینەوەانە لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و لە لێواری لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە ڕوویان دا، کە بە بڕوای نووسەر، زیاتر لە ڕووداوێکی ئەمنی، نیشانەیەکە بۆ ناسکی و شڵەژاوی پێکهاتەی ئەمنیی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد. لەم شیکارییەدا، گریمانەی تێوەگلانی ئەکتەرانی دەرەکی لەوانەش ئیسرائیل و تورکیا بە فاقدی بەڵگەی پێویست زانراوە. بە بڕوای نووسەر، بەستانەوەی تەقینەوەکان بەم وڵاتانەوە زیاتر هەوڵێکە بۆ پەردەپۆشکردنی لاوازییە ئەمنییە ناوخۆییەکان، نەک ئەنجامی هەڵسەنگاندنێکی بەڵگەدار. شیکارییەکە جەخت دەکاتەوە کە نە تورکیا و نە فەڕەنسا لە بارودۆخی ئێستادا لەسەر ڕێڕەوی ڕکابەریی ڕاستەوخۆ نین لەسەر هەژموون لە سووریادا، و ئەنقەرەش لە فرەوانبوونی ڕۆڵی ئابووریی ئەورووپا لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا سوودمەند دەبێت.
ناوەندی توێژینەوەی کوردی لە ئەڵمانیا گونجاوترین سیناریۆ بە چالاکیی گرووپە ناوخۆییەکان یان توخمە دزەکردووەکان لە ناو دەزگا ئەمنییەکاندا دەزانێت. بە بڕوای نووسەر، ئەگەری هەیە ئەندامانی داعش، حوراسەئەلدین یان هێزە ناڕازییەکان لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ڕاگوزەر، بەتایبەت لە ڕێبازی فرەوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژاوادا، لە پشت ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە بن. لەم چوارچێوەیەدا، تەقینەوەکان وەک هەوڵێک بۆ بیرهێنانەوەی بەردەوامیی ئامادەیی ڕەوتە توندڕەوەکان و دژایەتیکردنیان بۆ سیاسەتەکانی حکوومەتی ئەحمەد ئەلشەرعە سەیر دەکرێن. ئەم شیکارییە جەخت دەکاتەوە کە گرنگترین پەیامی تەقینەوەکان، خستنەژێر پرسیاری توانای حکوومەتی ڕاگوزەرە لە کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیدا، بەتایبەت لە پایتەختدا. ڕوودانی ئەم جۆرە هێرشانە لە کاتی ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری فەڕەنسادا دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر متمانەی وڵاتانی ڕۆژاوایی، وەبەرهێنەران و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا. بە بڕوای نووسەر، ئەنجامدەرانی ئەم ئۆپەراسیۆنە زیاتر لەوەی بەدوای گەیاندنی زیانی ڕاستەوخۆوە بن، هەوڵیان داوە ئەم وێنایە دروست بکەن کە دیمەشق هێشتا سەقامگیریی پێویستی نییە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی.
ناوەندی توێژینەوەی کوردی لە ئەڵمانیا پێیوایە سەرەڕای ئەم ڕووداوە، تەقینەوەکان نەیانتوانی ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی پاریس و دیمەشق بگۆڕن. ئیمانوێل ماکرۆن بەبێ گۆڕانکاری لە بەرنامەی سەفەرەکەیدا، بەردەوام بوو لە گفتوگۆ و ڕێککەوتنە ئابوورییەکان لەگەڵ حکوومەتی سووریادا و فەڕەنسا نیشانی دا کە هێشتا پابەندە بە مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەر وەک بەشێک لە ستراتیژی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. بەپێی ئەم لێکدانەوەیە، ئەولەویەتەکانی پاریسیش لە بەراورد لەگەڵ سەرەتای مامەڵەکردنی لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریادا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ئەگەر لە مانگەکانی سەرەتادا جەخت لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر، چاکسازیی سیاسی و دەستەبەرکردنی مافی ژنان، کەمینەکان و کوردەکان دەکرا، ئێستا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا و بەهێزکردنی پێگەی فەڕەنسا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا پێگەیەکی تۆختر و دیارتریان لە سیاسەتی ئەم وڵاتەدا پەیدا کردووە.
ناوەندی توێژینەوەی کوردی لە ئەڵمانیا، لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە تەقینەوەکانی دیمەشق، ئەگەرچی لاوازی و شلەژانی ئەمنیی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریایان دەرخست، بەڵام نەیانتوانی پرۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ فەڕەنسا و فرەوانبوونی هاوکارییە ئابوورییەکانی هەردوولا ڕابگرن. بە بڕوای شۆڕش دەروێش، نووسەری شیکارییەکە، گرنگترین دەستکەوتی ئەنجامدەرانی ئەم ئۆپەراسیۆنە، نمایشکردنی ناسکیی بارودۆخی ئەمنیی سووریا بوو لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەدا.
Your Comment