بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە IRI بە وردی چاودێری دۆخەکە و ناڕەزایەتی ئەو هاووڵاتیانە دەکات کە بەهۆی دواخستنی جێبەجێکردنی چەندین بڕیاری کۆتایی دادگا کە لە بەرژەوەندی ئەوان دەرچوون، نیگەرانن. ئینیستیوتەکە پشتگیری تەواوی خۆی بۆ داواکارییە ڕەواکانی خۆپێشاندەران و مافی یاسایی و دەستوورییان بە شێوازێکی ئاشتییانە دەربڕیوە، هاوکات جەختی لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا کردووەتەوە.
سەرباری ئەوەی لایەنە فەرمییەکان و دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشەکە پەیوەستە بە ململانێی تاکەکەسی و کێشەی میراتەوە، بەڵام ئینیستیوتی مافە نێودەوڵەتییەکان داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات هەنگاوی یاسایی و کارگێڕی خێرا بنێن بۆ چارەسەرکردنی دادپەروەرانە و ڕوونی ئەم دۆسیەیە، بە شێوازێک کە مافی خاوەندارێتی تایبەت بپارێزێت و بنەماکانی یەکسانی بەبێ جیاکاری لە نێوان هاووڵاتیاندا جێبەجێ بکات.
ئینیستیوتەکە بانگەوازی کردووە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جدی لە نێوان لایەنەکان و خێراکردنی جێبەجێکردنی حوکمەکانی دادگا، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی کە کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنێت و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بپارێزێت.
جێی باسە، کێشەی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانی مەسیحییەکان لە پارێزگای دهۆک بابەتێکی درێژخایەنە، کە تێیدا هاووڵاتیانی مەسیحی لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتوو و لایەنە سیاسییەکانەوە ڕووبەڕووی داگیرکردنی زەوییەکانیان بوونەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە. سەرەڕای ئەوەی گوندنشینە مەسیحییەکانی دەوروبەری دهۆک چەندین ساڵە لە ڕێگەی دادگاوە بڕیاریان لە بەرژەوەندی خۆیان بەدەستهێناوە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەکراون، بۆیە ئێستا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن دەستبەجێ بڕیارە دادوەرییەکان جێبەجێ بکات و ڕێز لە مافە ڕەسەنەکانی دانیشتووانی مەسیحی ناوچەکە بگرێت.
Your Comment