پرسی ئاشتی، پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان تاوتوێ کرا

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ تورکیا، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆ بوویەوە کە تێیاندا پرسە ستراتیژییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان خرانە بەر باس.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیداری نێوان  مەسروور بارزانی و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە کۆشکی "دۆڵمە باخچە"، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی هاوئاهەنگی نێوانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانانی پەکەکە؛ لەم چوارچێوەیەدا مەسروور بارزانی پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە. لە بەرانبەردا، ئەردۆغان ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی بنەڕەتی و کاریگەر بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. هەردوولا هیوایان خواست پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ببێتە هەوێنێک بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور. ئەم بابەتە لە دیدارەکەی مەسروور بارزانی و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاشدا دووپاتکرایەوە و وەک پێویستییەکی قۆناغەکە بۆ سەقامگیریی سیاسیی عێراق تەماشا کرا.

پرسی ئاشتی، پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان تاوتوێ کرا


​لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و هاکان فیدان، پڕۆژە ستراتیژییەکان و لایەنی ئابووری بایەخێکی تایبەتیان پێدرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو، عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و لەوێشەوە بە ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کردەوە. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی ئابووری گرنگ بۆ ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان وەسف کرا.
​ئەم دیدار و کۆبوونەوانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جووڵە دیپلۆماسییەکانی هەرێمدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری خۆی لە ئاستی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.

News ID 227118

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha