بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوران کاڵکان، ئەندامی "ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان" (ئەو ناوەی دوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بەم ڕێکخراوە دراوە)، بە ڕایگەیاندنی ئەوەی کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گەڕانەوەی بۆ نییە، ڕایگەیاند کە هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم ڕێکخراوە بگەڕێنێتەوە سەر شێوازی پێشووی. ئەو لە هەمان کاتدا ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە "کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکان" و تەوەرەی سەرەکیی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک زانی و هۆشداریی دا کە هەر گەڵاڵە یان یاسایەک ئەم بابەتە پشتگوێ بخات، لەلایەن بزووتنەوەی کورد و کۆمەڵگەی کوردانەوە قبووڵ ناکرێت. کاڵکان هەروەها بە توندی ڕەخنەی لە دواکەوتنی پێشکەشکردنی یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و بەردەوامیی ڕوانگەی ئەمنیی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە پرسی کورد گرت.
کاڵکان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ "میدیا خەبەر"، بە ئاماژەدان بە پرۆسەی ئێستا کە بە "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ناسراوە، ڕایگەیاند کە ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هێشتا گرنگترین داواکاری و مەرجی بنەڕەتییە بۆ چوونەپێشەوەی ئەم پرۆسەیە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەو گەنگەشە و باسە بەردەوامانەی لەسەر داڕشتنی "یاسای چوارچێوە" هەن، وتی: «لە دوا دیداردا ڕاگەیەندرا کە بڕیارە دوای جەژن، دەقێکی یاسایی ئامادە بکرێت و بۆ پێداچوونەوە پێشکەشی بەڕێز ئۆجەلان بکرێت. وترا کە ئەویش سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاساکە، پێشنیازە نووسراوەکانی خۆی پێشکەش کردووە. بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، هێشتا دەقێکی دیاریکراو بڵاو نەکراوەتەوە و هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر ناوەڕۆکەکەی نە خراوەتە بەردەم ڕای گشتی.»
کاڵکان زیادی کرد: «ئێمەش وەک کۆمەڵگە چاوەڕێین. ئەگەر ئەم یاسایە بگاتە دەستمان، ڕاو بۆچوونی خۆمان ڕادەگەیەنین. بەڵام دواکەوتنی بەردەوام و نەبوونی شەفافییەت لەسەر بەندەکانی، بابەتێکی جدییە.»
ناوبراو لە درێژەدا ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە تەوەرەی سەرەکیی هەموو گۆڕانکارییەکان دانا و جەختی کردەوە: «چەندین جار وتوومانە کە ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان، کلیلی هەموو کێشەکانە. هەموو قفڵەکان لێرەوە دەکرێنەوە. پێویستە بەڕێز ئۆجەلان بگاتە دۆخێک کە بتوانێت بە ئازادی بژی و چالاکی بکات.»
هۆشداریی دا کە هەر جۆرە یاسا یان گەڵاڵەیەک کە ئەم بابەتە لەخۆ نەگرێت، لەلایەن بزووتنەوەی کوردەوە پێشوازیی لێ ناکرێت و وتی: «ئەگەر یاسای چوارچێوە ناوەڕۆکێکی ئاوای هەبێت، بە بەهاداری دەزانین و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین. بەڵام ئەگەر ئەم بابەتەی تێدا نەبێت، دەبێت لە ئێستاوە بڵێین کە گەل و بزووتنەوەی کورد ڕوانگەیەکی ئەرێنییان بۆی نابێت.»
کاڵکان هەروەها ڕەخنەی لە بەیاننامەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا گرت و وتی دەوڵەت هێشتا بە هەمان ئەدەبیاتی ڕابردوو سەیری پرسی کورد دەکات. ئەو ڕایگەیاند: «بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی نیشانی دەدات کە هێشتا هیچ گۆڕانکارییەکی جدی لە ڕوانگەی دەوڵەتدا دروست نەبووە. هێشتا هەموو شتێک لە چوارچێوەی شەڕی دژە تیرۆردا پێناسە دەکرێت و تەنانەت لە زمان و ئەدەبیاتی فەرمیشدا چەمکەکان نەگۆڕاون.»
ئەو زیادی کرد: «جێگای سەرنجە کە هێشتا ناوی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەهێنن، لە کاتێکدا ئەم ڕێکخراوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی داوە. وەک بڵێیت هەندێک دامەزراوە هێشتا خوازیاری بەردەوامیی بوونی پەکەکەن.»
ئەندامەکەی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەشێکی تری قسەکانیدا جەختی کردەوە کە سەردەمی پەکەکەی پێشوو کۆتایی هاتووە و گەڕانەوە لە ئارادا نییە.
ناوبراو وتی: «ئێمە لەم بڕیارەدا جدین. پەکەکامان گۆڕیوە و ئەم گۆڕانکارییە گەڕانەوەی بۆ نییە. گەڕانەوە بۆ پەکەکەی پێشوو بوونی نابێت. ئەو قۆناغەمان سپاردووە بە مێژوو.»
کاڵکان بەردەوام بوو: «دوور نییە هەندێک ناوەندی سیاسی، ئەمنی یان گرووپی خاوەن بەرژەوەندی هێشتا ئاواتی گەڕانەوەی پەکەکەی ڕابردوو بخوازن، چونکە بەرژەوەندی و هاوکێشەکانیان لەسەر ئەو بنەمایە داڕژابوو. بەڵام ئەم چاوەڕوانییە بێهوودەیە. هەرچەندە لەسەری بنووسن یان قسەی لێبکەن، شتی وا ڕوونادات.»
ناوبراو جەختی کردەوە کە خەباتی سیاسی بەردەوام دەبێت بەڵام لە چوارچێوەیەکی جیاوازدا: «ئەوەی بەردەوام دەبێت، خەباتە بۆ دیموکراتیزەکردن، خەباتە بۆ چارەسەری سیاسی و دیموکراتیانەی پرسی کورد و هەوڵدانە لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیکدا. ئەم پرۆسەیە ناوەستێت و لەسەر ڕێڕەوە نوێیەکەی خۆی بەردەوام دەبێت.»
Your Comment