لە سەروبەندی کۆڕبەندی ئەنقەرە؛ کەنەکە چوار داواکاریی سەرەکی ئاراستەی ناتۆ دەکات

کەنەکە، پێش کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ کە لە ٧ و ٨ـی تەممووز لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، نامەیەکی کراوەی ئاڕاستەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد، کە چەند خواستێک پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەخۆ دەگرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) لە نامەکەیدا داوای لە ناتۆ کردووە، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە چاودێرکردنی پرۆسەی ئاشتی، بە تایبەت لە هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ، تا ئەوەی بەڕۆڵی بەردەنگی و دانوستانکاری سەرەکی هەستێت.

لە نامەکەی کەنەکەدا ئاماژە بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان کراوە و هاتووە: "پرۆسەی ئاشتی کە ئامانج لێی ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمیشەییە، وەک ئەندامێکی ستراتیژی گرنگی ناتۆ، پێشهاتەکانی تورکیا، هەڵگری دەرئەنجامگەلێکن کە لە سنوورەکەدا زۆر مانادارن. چارەسەرکردنی دیموکراتیکانەی پرسی کورد، پەرە بە سەقامگیری تورکیا دەدات و دەبێتە پاڵپشتی بۆ ئاسایشی ناوچەکە، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ئاڵۆزییانەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە."

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، کەنەکە نیگەرانی خۆی لە بارەی بەردەوامبوونی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ دەربڕیووە و لەم ڕووەوە دەڵێت: "بۆ ئەوەی دانوستانەکان سەرکەوتوو بن، دەبێت لایەنی کوردیش بتوانێت لە ژێر بارودۆخێکی دادپەروەرانەدا بەشداری بکات. بەردەوامبوونی ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە بەڕێز ئۆجالان و درێژەدان بە گۆشەگیرییەکەی، لەگەڵ پرۆسەیەکی ئاشتیی ناگونجێت کە ببێتە جێگەی متمانە.

ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە تورکیادا نەک تەنها وڵاتەکە لە ناوخۆوە بەهێز دەکات، بەڵکو لە بەرژەوەندیی ئەمنیی بەربڵاوتری وڵاتانی تری ئەندامی ناتۆشدا دەبێت. ئەوەش مەترسیی پێکدادانی نوێ و کۆچبەربوون کەم دەکاتەوە، گوشاری جووڵەی پەنابەران بەرەو ئەورووپا کەم دەکاتەوە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕاگرتنی توندڕەویی زیاتر کە بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیریی بەردەوامی دەرەوەی ناوچەکەوە دروست دەبێت."

کەنەکە ئەم چوار داواکارییەی ئاڕاستەی ناتۆ کردووە:

- چاودێریکردن و بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی (دیالۆگ) لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و تەڤگەری کورددا.

-کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان و دابینکردنی مەرجە یاساییەکان بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوازێکی ئازاد و کاریگەر بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکات لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا.

- دابینکردنی چوارچێوەیەکی دیموکراتی و یاسایی بۆ ناساندنی مافە بنەڕەتییە کۆڵەکتیڤەکان (هاوبەشەکان)ـی گەلی کورد لە تورکیادا.

- پەیڕەوکردنی ڕوانگەیەکی سیاسی کە ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیادا وەک هاوکارییەک بۆ دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیریی بەربڵاوتری ناوچەکە دەبینێت.

News ID 227413

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha