دوژمنانی دوێنێ، هاوبەشانی ئەمڕۆ/ محەمەد هادیفەر

​پەیامی سوپاسگوزاریی «ڕەغەد سەددام حوسێن» بۆ مەسعوود بارزانی، دەبێت وەک «تیرۆرکردنی ڕەمزیی یادەوەریی گەلی کوردستان» بخوێنرێتەوە. کاتێک میراتگری ئەو حزبەی کە سییەکانی نەتەوەیەکی بە گازی خەردەل خنکاند، سوپاسی «هەولێر» وەک پەناگە و بنکەی خۆی دەکات، ئێمە لەبەردەم «پارادۆکسێکی بوونناسی»داین کە قەوارەی هەرێم لە ناوەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەکاتەوە.

کوردپرێس:

​پارتی دیموکراتی کوردستان بە کاڵاکردنی "ئەنفال" بۆ بازرگانیی سیاسی، خەریکی خۆکوژییەکی کولتوورییە. چۆن دەکرێت ترۆمای بەکۆمەڵی نەتەوەیەک کە لە بنارەکانی بارزان و دەشتەکانی کوردستاندا ڕەگی داکوتاوە، بە میوانداریکردنی «تاهیر حەبووش» و «عیزەت ئیبراهیم» و بوون بە پەناگە بۆ پاشماوەکانی ڕژێمی بەعس مامەڵەی پێوە بکرێت؟ نیشتەجێکردنی پاشماوەکانی بەعس لە ناوچەکانی «ئاکرێ» و «هەولێر»، هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ «ئاساییکردنەوەی تاوان» و لە چوارچێوەی بازرگانیکردن بە برینە بەکۆمەڵەکان و کاڵکردنەوەی شوناسدایە. کاتێک جەلاد و قوربانی لە یەک جوگرافیادا دەگەنە پێکەوەژیان، «مانای کوردبوون» هەرەس دەهێنێت. ئەمە نابێت بە لێبووردەیی ناو ببرێت، بەڵکو «سڕبوونی ئەخلاقیی» نوخبەی دەسەڵاتدارە کە یادەوەریی مێژوویی خەڵکیان بە بەهای مانەوەی خێڵەکیی خۆیان هەراج کردووە.
​پەیامی سوپاسی ڕەغەدی کچی سەددام، کە خۆی بە میراتگری حزبی بەعسی عەرەبیی عێراق دەزانێت و سەرپەرشتی زۆرێک لە جموجۆڵەکانی ناوخۆی عێراق دەکات، شتێکی نوێ و سەرسوڕهێنەر نەبوو؛ چونکە هەر لە سەرەتای ڕووخانی سەددامەوە دەنگۆی حەشاردرانی زۆرێک لە سەرکردەکانی بەعس لە هەولێر لەسەر زمانەکان بوو. پارتی ئەم ئامادەییەی وەک وەبەرهێنانی عەرەبی لە هەولێر دەناساند، بەڵام پێویست ناکات زۆر بەدوای ڕەگە هاوبەشەکانی نێوان پارتی و بەعسدا بگەڕێین، چونکە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ کە لە مێژووی پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ بەغدادا چەسپاوە، بەڵگەیەکی زیندووی پیوەندیی ڕەگیی ئەم دوو حزبەیە. ئەو ڕۆژەی تانکەکانی گاردی کۆماریی سەددام بە بانگهێشتی پارتی، خاکی هەولێریان لەژێر زنجیرەکانیاندا پان کردەوە تا ڕکابەرە ناوخۆییەکەیان بسڕنەوە. ئەو ڕۆژە «خیانەت» جلی «پێویستی» پۆشی و ئەمڕۆش نیشتەجێکردنی تاوانبارانی وەک «تاهیر حەبووش» و «عیزەت ئیبراهیم» لەژێر ناوی «وەبەرهێنانی عەرەبی»، درێژەی هەمان لۆژیکی سەقەتە. زۆر بەژانە کاتێک دەزانین تاهیر حەبووش، سەرۆکی ئیستیخباراتی سەددام کە دەستەکانی تا ئەنیشک لە خوێنی ئەم گەلەدا بوو، لە ئاسایشی تەواودا لە هەولێر پیر بوو و مرد؛ لە کاتێکدا بنەماڵەی شەهیدان هێشتا لە بیابانەکانی «نوگرە سەلمان» بەدوای پارچە پارچە و پاشماوەی ئازیزانیاندا دەگەڕێن، سەرانی بەعس لە ڤێلا لوکسەکانی ئاکرێ و هەولێردا کۆبوونەوەی ڕێکخستنەوەی حزبی ئەنجام دەدەن.
​دوای ڕووخانی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣، هەولێر ئارامترین شوێنی کۆبوونەوەکانی حزبی هەڵوەشاوەی بەعس بوو؛ ئەمە هەم ئەمریکییەکان و هەم خەڵکی هەرێمیشیان دەیزانی. پێکهێنانی کۆبوونەوەی ڕێکخستنی بەعس بە ئامادەبوونی ئەفسەرە پلەباڵاکان و شانە نادیارەکان لە هەولێر و ئاکرێ، یەکێک بوو لەو هەنگاوانەی پارتی کە لە چاوەکان شاراوە نەمایەوە. ڕاگەیاندنی مەرگی تاهیر حەبووش لە ٣/٤/٢٠٢٦ لە هەولێر، کە بە کوشتنی کورد ناوبانگی دەرکردبوو، بەڵگەیەکی ئاشکرای نیشتەجێکردن و حەشارانی پاشماوەکانی ئەو حزبەیە لەو ناوچەیەدا.
​ئامادەیی بەعسییەکان لە هەولێر هەڵەیەکی ستراتیژیی لێنەخۆشبووە. هەولێر بە بوونی بە «ناوچەی خۆڵەمێشی» بۆ بونیادنانەوەی بەعس، عمەلیەن خۆی وەک «ئەکتەرێکی ئاژاوەگێڕ» (Anarchist) لە ناوچەکەدا دەناسێنێت. ئەم ڕەفتارە هەرێم دەخاتە نێوان «مەنگەنەی ئەمنیی» بەغدا و تارانەوە. مامەڵەکردن لەگەڵ «ڕەغەد» بە هیوای دەستکەوتنی نفووز لە داهاتوویەکی نادیاری عێراقدا، قومارکردنە لەسەر ئەو ناو و ناوبانگەی کە کوردستان چەندین دەیەیە باجەکەی داوە. ئەمە دیپلماسی نییە، بەڵکو «دابڕانێکی خۆویستانە»یە لەناو پیلەی بەعسیزمدا.
​پەیامەکەی ڕەغەد سەددام حوسێن «ئۆپەراسیۆنێکی دەروونیی ئەندازیاریی بۆ کراوە» کە پێی دەوێت براندی "هەولێر؛ قەڵای ئازادی" بگۆڕێت بۆ "هەولێر؛ حەوشەی پشتەوەی دیکتاتۆری". ئەم پەیامە کۆدێکی میدیایی بوو تا بە جیهان بڵێت داواکارییەکانی جینۆساید و مەزڵوومییەتی کورد، تەنها ئامرازێکن بۆ باجگیریی سیاسی. کاتێک میدیاکانی پارتی لە مەرگی تاهیر حەبووش (قەسابەکەی کورد) بە بێدەنگی یان بە مەبەستی پرسەگێڕان تێدەپەڕن، عمەلیەن «پڕوپاگەندەی بەعس» لە دڵی خاکی کوردستاندا بڵاو دەکەنەوە. ئەمە شکستی تەواوی دیپلماسیی گشتی و میدیاییە کە ڕاستی لەبەر پێی «بەرژەوەندیی حزبی»دا سەر دەبڕێت.
​ئێستا هەولێر خەریکە دەبێتە «مۆزەخانەیەکی زیندووی پارادۆکسەکان». ئەو لایەنەی بانگەشەی خاوەندارێتی دۆزی کورد دەکات، ناتوانێت لە یەک کاتدا هەم «پارێزەری بەهاکانی کوردستان» بێت و هەم «میوانداری میراتگرانی کیمیاباران». پەیامی سوپاسی ڕەغەد، «نەنگیننامەیەک» بوو کە بە نێوچەوانی سیاسەتی «دەرگای کراوە»ی هەولێرەوە نووسرا. چارەنووسی ٨٠ هەزار بارزانی بێسەروشوێن و ١٨٢ هەزار قوربانیی ئەنفال لەگەڵ ئەم «هاوبەشییە نوێیانە»دا چی بەسەر دێت؟ ئەگەر بڕیار بوو هەولێر ببێتە پەناگەی ئەو تاوانبارانەی خەون بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی تۆقاندن دەبینن، ئەی ئەو هەموو خوێنە بۆچی ڕژا؟ چۆن دەکرێت لە لایەک مۆزەخانەی «ئەنفال» بونیاد بنرێت و بە ناوی قوربانیانی جینۆسایدەوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای شەرعییەت بکرێت، و لە لایەکی تریشەوە باوەش بۆ پاشماوەی ئەو بیرکردنەوەیە بکرێتەوە کە «هەڵەبجە»ی کردە گۆڕستانی بەکۆمەڵ؟ ئەم دژایەتییە هیچ پەیوەندییەکی بە تاکتیکی سیاسییەوە نییە، بەڵکو «داڕمانی ستراتیژییە».
​تا ئێستا ئامادەیی پاشماوەکانی بەعس لە هەولێر بە گومان و تەمومژەوە بوو، بەڵام بە دەرکەوتنی ڕەغەد سەددام لە تەنیشت مەسعوود بارزانی، پەردە لەسەر ئەم پەیوەندییە لادرا و قێزەونییەکەی دەرکەوت. لەمەودوا دەبێت چاوەڕێی ئاشکرابوونی هاوبەشیی زیاتری نێوان ئەم دوو حزبە بین کە دوژمنایەتییەکی کۆن و هاوبەشییەکی نوێیان هەیە. سیاسەتی بێ ئەخلاق، باڵەخانەیەکی بێ بناغەیە کە لە یەکەم تۆفانی مێژووییدا دەڕووخێت. ئەگەر ئەمڕۆ ڕێگری لەم «مامەڵە نزمە» نەکرێت، سبەی نە «هەرێم» دەمێنێت و نە «شکۆی خەبات».

News ID 227106

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha